سوودانی رەزامەندیی دا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەرەتەپە بکرێتەوە

15-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گوندەکانی قەرەتەپە بکرێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، 160 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقینە، دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. رۆژی 03-05-2024 لافاو گوندەکانی کەشۆڵی کۆن، سەلام، دۆرە و بەگال-ی گرتەوە، بەڵام زۆرترین زیان بەر کەشۆڵی کۆن کەوت.
 
رۆژی چوارشەممە 15-05-2024 وەسفی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە رووداوی گوت، "تائێستا زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گوندەکانی قەرەتەپە قەرەبوو نەکراوەتەوە؛ تەنیا هەندێک هاوکارییان بەدەستگەیشتووە لەلایەن رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، وەکو خۆراک و پێخەف و رایەخ."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە، "لافاو زیانی لە نزیکەی 160 ماڵ داوە، 60 ماڵیان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و خانووەکانیان کە قوڕ بووە، رووخاون. ئەوانی دیکە 50% زیانیان بەرکەوتووە، 105 سەر مەڕ و شەش مانگا مرداربوون و چوار ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون."
 
رۆژی 12-05-2024 ئەحمەد مەزهەر جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات نوێنەری پارێزگای دیالەیە لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان و سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر قەرەبووکردنەوەیان دەربڕیوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر قەرەبووکردنەوەیان داوە. زیانلێکەتووانیش لە نەتەوەی عەرەبن، هیچ ماڵێکی کورد و تورکمانی تێدا نییە. لیژنەیەکیش پێکدەهێندرێن زیانەکان دەخەمڵێنین و لەسەر بنەمای قەبارەی زیانەکان، خێزانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.