رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی تەماتە هەڵگیراوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی تەماتە و شووتی قەدەخە دەکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بۆیان دەرکەوت تەماتە کەم بووە و نرخەکەی گران بووە، بۆیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە 7-4-2025، بڕیاریاندا تاوەکو پێگەیشتنی تەماتەی ناوخۆ قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی هەڵبگیرێت.
وەکو گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەپێی رۆژژمێریی کشتوکاڵی ئەمڕۆ هاوردەکردنی تەماتە و شووتی قەدەخە دەکرێتەوە، تەماتە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم ئەم ساڵ و شووتیش تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم.
بە گوتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ عێراق رێککەوتوون، بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی کاتێک تەماتەی عێراق پێدەگات هاوردەکردن رادەگرن و کاتێک تەماتەی هەرێمی کوردستانیش پێگەیشت عێراق هاوردەکردنی تەماتە رادەگرێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان تەماتە کەم بوو و نرخی کیلۆیەک گەیشتە سەرووی 1500 دینار، بۆیە قەدەخەکە هەڵگیرا.
هاوکات رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: ئەمڕۆ نرخی تەماتە بە کۆ کیلۆی بە 600 بۆ 750 دینار بوو، شووتی کیلۆی بە 400 بۆ 500 دینار بوو، تاوەکو هەفتەی داهاتوو نرخی ئەم بەرهەمانە بەرز نابێتەوە، چونکە زۆر هاوردەکراوە.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "ئێستا بەرهەمی شووتی و تەماتەی ناوخۆیی پێنەگەیشتووە، تەماتە لە ناوچەی سەماوە دێت و شووتی لە جەبارە، تاوەکو ئێستا بەرهەمی ئەو شوێنانەش بەتەواوی پێنەگەیشتووە، بۆیە پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی تەماتە و شووتی بۆ ماوەیەکی کاتی بەرزبێتەوە."
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ تەماتە بە کۆ بە 500 بۆ 750 دینار بوو، شووتی بە 700 بۆ 650 دینارە.
لەبەر بەرژەوەندیی جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-1-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کرابوو. دواتر لە 7-4-2025، بەهۆی گرانبوونی نرخی و کەمبوونی لە بازاڕدا قەدەخەی هاوردەکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ هەڵگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ