رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا دەڵێت، "ئازادکردنی ئۆجەلان بەو شێوەیە نابێت کە خەڵک چاوەڕێی دەکات". دەشڵێت: "دەم پارتی داوای کردووە تەنیا بە شێوەیەک بێت بتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەرەکەی هەبێت". ئاماژەی بە رۆڵی حیزبەکەشی لە پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئەمینداری یەکگرتوو بۆ پرۆسەی ئاشتی زیاتر لە 16 کۆبوونەوەی کردووە".
پێنجشەممە، 15-5-2025 د. لوقمان باسکەدێری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و کاتی جێبەجێکردنی، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە رووداوی راگەیاند "پرۆسەی ئاشتی بڕیار و هەنگاوێک نییە لە کاتێکی دیاریکراودا، بەڵکو کاتێکی درێژی دەوێت تاوەکو هەموو هەنگاوەکان جێبەجێ دەکرێت و بە چەند قۆناخێک دەبێت".
لەبارەی چارەنووسی ئەندام و سەرکردە و گەریلاکانی پەکەکەش، باسکەدێری گوتی: "رەنگە سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە پۆلێنی چەند بازنەیەک بکرێن، ئەوانەی دۆسیەیان هەیە، سەرکردەکان، ئەوانەی لە چالاکییە سەربازییەکان بەشدار بوون، چەکداری ئاسایی، هەر یەک لەوانە مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ دەکرێت و تورکیا لە داهاتوودا دەبێت ئەوە روون بکاتەوە".
نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا گوتیشی: "رەنگە بەشێکی سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە بێنە هەرێمی کوردستان، بەشێکیان بچنە وڵاتانی دەرەوە، چونکە هەموویان ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا، ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستان رێکار دیاریبکات بۆ چۆنیەتی مانەوەیان".
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە رۆژانی 5- 7ـی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ـی خۆی لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی حیزبەکە بەست، رۆژی دووشەممە 12-5-2025 ئەنجامەکەی رایگەیاند و بڕیاری دا چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی شێوازی چەکدانانی پەکەکە گوتی: "رەنگە چاودێرییەکی نیودەوڵەتی هەبێت، بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، تورکیا رێوشوێنەکان دیاریدەکات و لایەنی سەرەکی دەبێت لەو پرۆسەیە، رەنگە لایەنی سێیەمیش هەبێت لەو پرۆسەیە، هەرچەندە تائێستا دیارنییە ئەو لایەنە سێیەمە کێیە".
دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەکە کرد، هەروەها دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لە هەنگاوەکە کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند "پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، چهکدانان و بهپیرهوهچوونی بانگهوازی بهڕێز ئۆجەلان دەکەین، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ بهردهوامی له پێشکەشکردنی ههر جۆرە يارمهتى و هاوكارييهك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيە."
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا د. لوقمان باسکەدێری بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند "هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگەکەیەوە، لایەنێکی بنەڕەتییە لە پڕۆسەی ئاشتی، رۆڵێکی گرنگ و گەورە دەبینێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە بەشداربووە لە هەموو ئەو دانوستاندنانەی لە رابردوودا کراون، هەروەها بەشێکی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندنەکان بەشداربوون و لە داهاتووش بەشدار دەبن".
د. لوقمان باسکەدێری، رۆڵی یەکگرتووی ئیسلامی لە پرۆسەی ئاشتی بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: "ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو زیاتر لە 16 کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تورکیا کردووە بۆ ئەم پرۆسەیە، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پاڵپشتیی هەمووانە".
دوای جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی، چاوەڕێ دەکرێت تورکیا گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلاندا بکات، دەم پارتی و پەکەکە داوایان کردووە لەوبارەوە تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت و ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
لەبارەی چارەنووسی ئۆجەلان، نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا گوتی: "رۆژانی داهاتوو چارەنووسی بەڕێز ئۆجەلان یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی جیاواز هەیە لە نێوان ئەوەی خەڵک چاوەڕێی دەکات و ئەوەی لە واقیع دەگوزەرێت، خەڵکی ئێمە چاوەڕێ دەکات، حکومەتی تورکیا وەک کەسێکی ئاسایی ئۆجەلان ئازاد بکرێت و بچێتە نێو خەڵکەوە، تەنانەت هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکماندا گوتی، ئێمە داوامان کردووە، ئۆجەلان بتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەرەکەی بکات و دەستی بگاتە ئامرازەکانی راگەیاندن، نەک وەک ئەوەی خەڵک چاوەڕێ دەکات".
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ