رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، حیزبەکەی و پارتی هاوبەشی یەکدین و بەدیلییان نییە و هەر هەوڵدانێک بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی دیکە قبووڵکراو نابێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''پارتی هاوبەشیی سکرتێری پەرلەمانی پێ گرنگتر بوو لە یەکێتی.''
رۆژی پێنجشەممە 15-06-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''[لەگەڵ پارتی] لە رابردوودا کێشەمان هەبووە، ئێستا و لە داهاتووشدا کێشەمان هەر دەبێت، بەڵام هیچ بەدیلی دیکەمان نییە جگە لە بەیەکەوە کارکردن، دەبێ بە یەکەوە دابنیشین.''
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانیی 12ی حوزەیران، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا، بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجە تەرخان کراوە بۆ ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
پارتی لە بەشێکی بڕگەی هەشتی مادەی 14ی یاسای بودجە ناڕازییە، کە لەسەر داوای یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا و بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتانە و لەنێویاندا پارەدارکردن، کە هەندێک لە لایەنە کوردستانییەکان وەکو مەترسییەک بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستانی دەزانن.
سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیارە چەندە، ژمارەی دانیشتووان و فەرمانبەرانیش هەر دیارە، ''ئەوەندەی کە دەنێردرێت ئەگەر بە رێکوپێکی دابەشبکرێت، پێویست بە نیگەرانی ناکات.''
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە، ئەگەر حیزبەکەی و پارتی لە داهاتووشدا هەر هەوڵ بدەن وەکو رابردوو سەرقاڵی مەسەلە حیزبییەکان بن، ئەوە لە مەسەلە نیشتمانییەکان دوور دەکەونەوە، ''ئەگەر بمانەوێت گرنگی بە مەسەلە نیشتمانییەکان بدەین، دەبێ دابنیشین و بەرنامەیەک دابڕێژین.''
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی 22-05-2023ـی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان درێژەی بە دانیشتنەکە دا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە، یەکێتیش ئەوەی رەتکردەوە.
ئەوە لەکاتێکدابوو رۆژی سێشەممە 30-05-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقیش تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان "نادەستوورییە" و دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی، بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو ئەو بڕیارانەی دوای دانیشتنی دادگە دەرکرا، بەگوێرەی بڕیارەکە نایاسایین و هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نامێنێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە ناکۆکبوونی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی پەسندکردنی یاسای بودجە، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''قسە قسە رادەکێشێت، ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەو ئاقارەدا نەڕۆیشتبووایە، کۆبوونەوەی بەغداش وای لێ نەدەهات. ئەوەی لە بەغدا روویدا، کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان کرا.''
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە یەکێتی و پارتی ''زوو'' کۆببنەوە، چونکە ''بارودۆخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەبێ بزانین چی بکەین هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە تووشی سەرئێشەکانی رابردوومان نەکاتەوە.''
سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەشکرد، کاتێک داوای هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا دەکەین، دەبێ لە هەرێمی کوردستانیش هاوبەشییەکی گونجاومان هەبێت، ''بەڵام پارتی ئەو کاتەی پێویستی بە یەکێتی هەبوو هاوبەشە لەگەڵی، ئەگەر پێویستیشی نەبوو، دەست بۆ لایەکی دیکە درێژ دەکات.''
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، حیزبەکەی و پارتی هاوبەشی یەکدین و هیچ بەدیلێکیان نییە، بەڵام ''هەموو هەوڵدانێک بۆ دۆزینەوەی بەدیلی دیکە، یان بۆ گەیشتن بە 50+1٪ـی [کورسییەکانی پەرلەمان] قبووڵکراو نییە. پارتی هاوبەشیی سکرتێری پەرلەمانی پێ لە یەکێتی گرنگتر بوو.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ