رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی بەریتانی کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە، "نابێت وەزارەتی پێشمەرگە و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی بەریتانی بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەری راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران، تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "نابێت ململانێی حیزبی و کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی رێڕەوی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر؛ تۆکمەتر و راهێنراوتر بێت".
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچووە؛ بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "پێویستە هەموو لایەک درک بە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بکەن و بەرژەوەندییە باڵاکان نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندی حیزبی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکوەزیران داوایکردووە، هاوپەیمانان زیاتر هاوکارییان بکەن لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، 11ــی ئەم مانگە، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرمانێکی وەزاریی بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکرد و تێیدا هاتبوو، "ئێستا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لە یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە. کاروبارەکانی کارگێڕی و ژمێریاری و لۆجستی بەپێی پێداویستی و واقیعی حاڵی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، لەگەڵ جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە بگونجێت".
فەرمانەکە ناڕەزایی یەکێتی لێکەوتەوە و لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە لە نووسراوێکدا بە ژمارە (ئـ/14/2026) بە 10 خاڵ وەڵامی بریکاری وەزیری داوەیەوە. تێیدا رایگەیاند، بریکاری وەزیر ئەو دەسەڵاتەی نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە دەربکات.
ماوەی نزیکەی نۆ مانگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەوامی نەکردووە و حیزبەکەشی بە فەرمی کەسی لە شوێنی دانەناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ