رووداو دیجیتاڵ
ئەسعەد هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و 10 ساڵە گۆشتفرۆشە. هیچکات بازاڕی پێش جەژنی بەو شێوەیە خراپ نەبووە.
ئەسعەد پەروازەی گۆشتفرۆش لە مەریوانەوە دەڵێ "ئێمە ساڵان لە جەژنی قورباندا بەلایەنی کەمەوە سێ بۆ چوار سەر رەشەوڵاخمان سەردەبڕی، 20 بۆ 30 سەر ئاژەڵی بچووکیش، بەڵام ئەمساڵ لەوە ناچێت هیچ رەشەوڵاخێک سەرببڕین لەوانەیە تەنیا چوار بۆ پێنج سەر ئاژەڵێکیش سەرببڕین."
نرخی کیلۆیەک گۆشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان 600 بۆ 700 هەزار تمەنە، خێزانە کەمداهات و بەشێک لەوانەی دۆخی داراییان مامناوەندیشە بۆیان ناگونجێ بیکڕن.
زیادبوونی داهاتی هاونیشتمانییان بە هەمان رێژەی گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان نییە، بۆیە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان توانای کڕینیان دابەزیوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانیان بۆ بۆنەیەکی تایبەتی وەکو جەژنیش داناوە.
دووکانداران بۆ بازاڕی پێش جەژن خۆیان ئامادەکردووە، بەڵام کڕیاریان نییە. ئەو دۆخە تەنانەت بازاڕەکانیشی گرتووەتەوە کە بە بازاڕخۆشی بەناوبانگن.
لە ساڵی 2010ـەوە قەیرانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە ساڵانە بەشێوەی مامناوەند، هەموو ساڵێک نرخی شتوومەک و خواردەمەنییەکان 70 بۆ 100٪ بەرزبووەتەوە.
هاونیشتمانییان دەڵێن، لەم دۆخە خراپە ئابوورییەدا، جاروبار بەهۆی چاولێکەری و بۆ ئەوەی هاوژین و منداڵەکانیان هەست بە کەمی نەکەن، ناچارن گوشار بخەنەسەر خۆیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەژن.
کێشەی ئابووری کاریگەری هەر لەسەر ئامادەکارییەکانی خەڵک بۆ جەژن دانەناوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشی کەمتر کردووەتەوە. بە گوتەی هاونیشتمانییان، خزم و کەسوکار و ناسیاویش کەمتر سەردانی یەکتر دەکەن، بۆ ئەوەی گوشاری ئابووری نەخەنە سەر یەکتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ