رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت؛ لە هەولێر لە 145 هەزار تۆن، زیاتر لە 143 هەزار تۆن وەرگیراوە؛ سایلۆی سلێمانی لە 230 هەزار تۆن، 228 هەزار تۆنی وەرگرتووە و لە دهۆکیش لە 125 هەزار تۆن پشکی پارێزگاکە، 124 هەزاری وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت؛ 230 هەزار تۆنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆنی پارێزگای دهۆک.
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی کۆتایی بێت و کارەکان بێ کێشە بەڕێوەدەچن. گوتیشی، "لە پشکی 230 هەزار تۆن تاوەکو دوێنێ 228 هەزار تۆن وەرگیراوە و وەرگرتنی گەنم ئەمڕۆ کۆتایی دێت".
پشکی وەرگرتنی گەنم لە دهۆک 125 هەزار تۆنە. ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 124 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و بەشێک گەنم ماوە وەربگیرێت و ئێستا سایلۆ سەرقاڵی وەرگرتنە و ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانی دەهێنێت.
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، 55 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنووری دهۆک لەسەر زەوی دانراوە و بەهۆی ئەوەی پشکی پارێزگاکە تەواو بووە حکومەتی عێراق لێیان وەرناگرێت.
پشکی پارێزگای هەولێر 145 هەزار تۆنم گەنمە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر لە 143 هەزار تۆنی وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە بەردەوامە.
وەرگرتنی گەنم ناڕەزایی زۆری جووتیارانی لێکەوتووەتەوە و بەشێکیان دەڵێن، گەنمێکی زۆریان ماوە و حکومەتی عێراق لێیان وەرناگرێت، بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە گەنمی "هاوردە" تێکەڵی گەنمەکان کراوە.
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی رەتیکردەوە گەنمی هاوردە تێکەڵی بەرهەمی خۆماڵی کرابێت و گوتی، "ئەوە راست نییە، هەرچی گەنم وەردەگیرێت لە رێگەی تاقیگەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و راستەوخۆ دەردەکەوێت گەنمی چی وڵاتێکە، جگە لە تاقیگەش، ئەوانەی لە سایلۆکاندان بەشی ئەوە ئەزموونیان هەیە گەنمی نێوخۆ و وڵاتان جیابکەنەوە".
ئەو گەنمەی حکومەتی عێراق وەریانگرێت چی لێدێت؟
لەبارەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە و حکومەتی عێراق وەریناگرێت. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە کۆمپانیاکانی خۆشناو و قەیوان هەر گەنمێک بمێنێتەوە لە جووتیارانی وەردەگرن و توانای وەرگرتنی 200 هەزار تۆن گەنمیان هەیە.
حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار بەبێ رەچاوکردنی جۆرەکەی تەرخان دەکات. هەردوو کۆماپانیاکە دەڵێن، بە شێوەی پلەبەندی گەنم وەردەگرن؛ تۆنێک گەنمی پلە یەک بە 700 هەزار دینار، پلە دوو 675 هەزار دینار و پلە سێ بە 650 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوەش نیگەرانیی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ