کەشناسیی تورکیا بۆ نەخۆشان و بەساڵاچووانی باکووری کوردستان: مەچنە دەرەوە

15-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) داوا لە نەخۆش و بەساڵاچووانی باکووری کوردستان دەکات لە کاژێر 11:00-16:00 نەچنە دەرەوە بەهۆی ئەوەی تیشکی خۆر لەم کاتانەدا بەشێوەیەکی ستوونی و تینەوە کاریگەری لەسەر تەندروستییان دەبێت.

هۆشدارییەکەی دەزگای ئافاد بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیایە لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە بەشێکی پارێزگاکانی باکووری کوردستان. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ هەفتەیەک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بەشی باشووری رۆژئاوای باکووری کوردستان کە لە پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک، کیلیس، رووها، سەمسوور، مێردین، ئامەد، ئێلیە، سێرت و شرنەخ پێکدێت، نزمترین پلەی گەرما بەرۆژ 40 پلە و بەرزترینیش 45 پلە دەبێت و شەوانیش کەمترین پلەی گەرما 20 و بەرزترینیشیان 27 پلە دەبێت. هەروەها رووها و مێردین گەرمترین دوو پارێزگای باکووری کوردستان دەبن.
 
هاوکات دیوی باشووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەکانی باکووری کوردستان، کە لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، بەدلیس، وان، ئاگری، ئیدیر، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، ئەرزینجان، دێرسم، خارپێت، مەلەتێ، سێواس، چەولیگ و مووش پێکدێن، پلەی گەرما بەراورد بە بەشی باشوور و باشووری رۆژئاوا لە باکووری کوردستان نزمترە. بەوپێیە نزمترین پلەی گەرما بە رۆژ 26 پلە و بەرزترینیش 32 پلە دەبێت و شەوانیش کەمترین پلەی گەرما دوو پلە و بەرزترینیشیان 16 پلە دەبێت. 
 
رووها و مێردین و شرنەخ بە 45-46 پلە گەرمترین و ئەردەخان و قەرس بە 10-16 پلە فێنکترین پارێزگاکانی باکووری کوردستانن. لە کاتی شەودا، پلەی گەرمای ناوچە بەرزاییەکانی ئەردەخان و قەرس بۆ 0-2 پلە دادەبەزێت، بەڵام لە رووها و مێردین بەتایبەتی لە کاتی شەودا کەمترین پلەی گەرما 20-23 دەبێت. 
 
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، رۆژانی 15-16ی تەممووز باران لە پارێزگاکانی ئاگری، وان، قەرس و ئەردەخان دەبارێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە