لە سێ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 34 کەس لە چەم و رووبارەکاندا خنکاون

15-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە هەرێمی کوردستان 34 کەس لە ئاودا خنکاون، زۆرترین رووداو لە رۆژێکدا تۆمار کرابێت دوێنێ هەینی بووە، کە 7 کەس لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان خنکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە نێوەڕاستی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە، 15ـی تەممووز، لە هەرێمی کوردستان 34 کەس لە رووداوی جیادا لە ئاودا خنکاون، زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆک بووە کە 12 کەس بووە، لە پارێزگای هەولێر 11 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 10 کەس و لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس خنکاوە.
 
رووداوەکانی خنکان لە سێ مانگی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
 
- دوێنێ 14ـی تەممووز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چوار کەس لە ئاودا خنکان.
 
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، رائید جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ لە سنوورەکەمان 11 کەس لە ئاودا خنکاون".
 
- هەر 14ـی تەممووز منداڵێکی 11 ساڵ لە قەزای خەبات لە ئاودا خنکا. هەمان رۆژ و لە رووداوێکی دیکەدا لە سنووری ناحیەی قەسرۆک لە قەزای شێخان، هاونیشتمانییەک بە ناوی یاسین محەممەد لە رووباری خازردا خنکا.
 
- هەر دوێنێ 14ـی تەممووز، گەنجێک لە چەمی گوندی موغاغ لە سنووری پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی خنکا.
 
- 10ـی تەممووز منداڵێکی 12 ساڵ لە زێی گەورە لە قەزای خەبات خنکا.
 
-9ـی تەممووز پیاوێک و دوو منداڵی کچەکەی لەنێو ئاوی زێی بچووک لە ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیە خنکان.
 
- 30ـی حوزەیران لە کاتی مەلەکردندا لە دەریاچەی دووکان کەسێک خنکا.
 
- 28ـی حوزەیران منداڵێکی 12 ساڵ لە رووباری چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئاودا خنکا.
 
- 24ـی حوزەیران لە گوندی تەکێی قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی منداڵێک لە ئاودا خنکا.
 
- 23ـی حوزەیران گەنجێکی تەمەنی 16 ساڵ لەکاتی مەلەکردندا لە زێی گەورە لە قەزای خەبات خنکا.
 
- 15ـی حوزەیران دوو گەنج کە برای یەکدی بوون و دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر بوون، لە ئاوی گەلی عەلی بەگدا خنکان.
 
- 10ـی حوزەیران لە زێی گەورە لە قەزای خەبات کەسێک لە کاتی مەلەکردندا خنکا.
 
- 8ـی حوزەیران لە ناحیەی تەیناڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوو منداڵ لە حەوزێکی ئاودا خنکان.
 
- بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە مانگی حوزەیراندا و لە سەیرانگەکانی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی، لە رووداوی جیادا شەش کەس لە ئاودا خنکاون.
 
- 21ـی نیسان کچێکی تەمەن 12 ساڵ کەوتە نێو ئاوی زەڵمەوە لە پارێزگای هەڵەبجە و خنکا.
 
- رۆژی 17ـی نیسان ژنێکی 22 ساڵ لە سنووری قەزای سۆران کەوتە رووبارێکەوە و خنکا.
 
لەبارەی زۆربوونی رووداوەکانی خنکانەوە، ئەمڕۆ شەممە، 15-7-2023، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری خنکانی خەڵک زۆرن، لەوانە ناکرێت شوێنێکی وەکو زێی گەورە لە قەزای خەبات کە شیاوی مەلەکردن نییە بچیت مەلەی تێدا بکەیت، چونکە ئاوەکە تیژڕەوە و بەهۆی کارگەکانی چەو و لمیشەوە قووڵایی زۆری تێدا دروستبووە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی رێنوێنی هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان دەکات کە شوێنێک شارەزای نەبن مەلەی تێدا نەکەن. گوتیشی، کەسێک ئامرازەکانی سەلامەتی پێنەبێت نابێت بچێتە ئاوێکەوە بۆ مەلەکردن.
 
سەرکەوت کاڕەش داوای لە دایکان و باوکان کرد، رێگە نەدەن منداڵەکانیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بچنە سەر چەم و رووبارەکان و گوتی: "زۆرینەی ئەوانەی دەخنکێن تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 25 ساڵدایە".
 
لە زۆرینەی چەم و رووبارەکان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی گەشتیاران رووی تێدەکەن تابلۆی قەدەخەکردنی مەلەکردن دانراوە، بەڵام زۆرکات لەلایەن گەشتیارانەوە دەشکێندرێن و لێدەکرێنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.