رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری دا وادەی ناساندنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و تاوەکو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکراو، بۆ ماوەی مانگێک درێژ بکاتەوە.
ئەمڕۆ لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا درێژکردنەوەی وادەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، "لەبەر بەرژەوەندیی شۆفێرانی ئازیزی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان و پێڕاگەیشتنی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بۆ خۆناساندنیان، بڕیارماندا بە درێژكردنەوەی ماوەی خۆناساندن لە رێكەوتی 15ی تەممووز تاوەكو 15ی ئاب."
ئەفسەرێک لە هاتووچۆی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "درێژکردنەوەی وادەکە لەسەر داوای خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بووە کە هێشتا تۆمار نەکراون، چونکە بە تەواوبوونی کاروبارەکان رانەگەیشتوون تەواویان بکەن."
رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025 لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە ماوەی هەفتەیەکی بۆ تۆمارکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دانا.
دەقی بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە ئەمانە بوون:
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنیی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تاوەکو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری گەیاندن دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە نێو سەنتەری شار، شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەینەوە، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ