رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات کە تێیدا جەخت لە گرنگیی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکاتەوە و، داوا دەکات پڕۆژەیاساکەیش بخرێتە بەرنامەی کارەوە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە "شاری هەڵەبجە یەکێکە لە هێماکانی رووبەڕووبوونەوەی رژێمی ستەمکاری پێشوو، خەڵکەکەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژیی یەک لەدوای یەک بوونەتەوە و کاروانێک شەهیدیان لەو رێگەیەشدا بەخشیوە".
لەو راگەیێندراوەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 15-08-2023، نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، هاتووە، لەتیف رەشید جەخت لەوە دەکاتەوە "پێویستە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە نێو ئەجێندای کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری و پەسندکردنی یاساکە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا، بەتایبەتی دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و، بۆ ئەنجامدانیشی وەزارەتی پلاندانان رێوشوێنەکانی گۆڕینی بۆ پارێزگا تەواو بکات".
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە، تائێستا وادەی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە دیارنییە، لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، پڕۆژەکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت".
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەرجارە و بە هۆکارێک هەڵدەپەسێردرێت، ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
هەوڵەکان لە سەرەتای ساڵی 2013ـەوە و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان پێکرد و رەشنووسی یاساکەشی بۆ بەغدا ناردبوو، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە و هۆکاری دیکە رێگربوون لە پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمان. ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمان کردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کورد و هاوپەیمانەکانی، هەڵەبجە بکەنە پارێزگای ژمارە 4ـی هەرێمی کوردستان و 19ـی عێراق. رووداو مێژووی هەوڵە نوێیەکانی دوای ساڵی 2003 بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخاتەڕوو.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی بەنووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد.
لە نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتبوو، "هاوپێچ لەگەڵ نووسراوتان ژمارە 7692 لە رۆژی 7ـی ئابی 2013، تایبەت بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە وەکو پارێزگای ژمارە 19 لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی کۆماری عێراق بەپێی پشتبەستە یاساییەکانی هاتوو لە نووسراوی ئاماژەبۆکراو، بە ئاماژە بۆ نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی ژمارە 10211 لە 2ـی ئەیلوولی 2013، سەبارەت بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە هێنانەکایەی ئەو پارێزگایە، هاوپێچ لەگەڵ ئەم نووسراوە کۆپیی رەشنووسی یاساکەتان بۆ دەنێرین کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە، بفەرموون بەجێبەجێکردنی ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ پەسندکردنی ئەو رەشنووسە و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم خولەی ئێستا پەرلەمان، یاساکە پەسند بکرێت".
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
دەقی رەشنووسی یاساکە
رەشنووسی یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق لە چوار مادە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان-عێراق، دەهێنرێتە کایەوە، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە کۆماری عێراق، سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
ماددەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات.
ماددەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجی بکەن.
ماددەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
هۆکارەکانی دەرچوواندن
بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی، کە شاری هەڵەبجە بەخۆیەوە دەیبینێت و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی گۆڕبەگۆڕەوە لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بەچەکی کیمیایی قەدەخەکراو، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم یاسایە پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ