دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق: رووداو جیهانیبوونی خۆی سەلماندووە

15-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خەڵاتی ستیڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ستایشی رووداو دەکات بۆ بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی و دەڵێت، ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە تۆڕی میدیایی رووداو رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبێت و جیهانیبوونی خۆی سەلماندووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 15-08-2023، عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و گوتی، بە شانازییەوە هەواڵی ئەوەیان پێگەیشتووە کە رووداو لەنێو زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، راگەیاندن و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان بووەتە براوەی خەڵاتەکە.
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکاندا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە هەزار کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکاندا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاریی تەواویان لەوبارەوە هەبێت.     
 
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەریی هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)، (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس) هەروەها بەهۆی فروانیی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە. 
 
سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق باس لەوە دەکات، تۆڕی میدیایی رووداو سەلماندوویەتی کە رۆژ دوای رۆژ بەرەو جیهانیبوونی زیاتر دەچێت و باڵادەستیی خۆی لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانداوە، ئەوەش بە رەچاوکردنی خواستی خەڵک و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانیان.
 
ئەو سەرۆکە دووپاتی دەکاتەوە کە سەرکەوتنەی تۆڕی میدیایی رووداو "بە دڵنیاییەوە" ژمارەیەک رۆژنامەڤانی بەتوانای لەپشتەوەیە کە توانیویانە پارێزگاری لە کاری پیشەیی بکەن کە ئەوە یەکێکە لە بنەماکانی کاری رۆژنامەڤانی، ئەمەش وایکردووە تۆڕی میدیایی رووداو لە پێشەنگی میدیا عێراقییەکان بێت و جەماوەرێکی زۆر متمانە بە بڵاوکراوەکانیان بکەن و چێژی لێ ببینن.
 
بەپێی داتای کۆمپانیای مێتا، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا ڤیدیۆکانی پەیجی فەیسبووکی رووداو لەلایەن 152 ملیۆن کەسەوە لە جیهان بینراون، 646 هەزار کەس کۆمێنتیان لەسەر بەرهەمەکانی نووسیوە و بەرهەمەکانی رۆژانە نزیکەی هەشت ملیۆن کاردانەوەیان هەبووە. لە ئینستاگرامیش بەرهەمەکانی رووداو لە هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە دەستی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر و لە سەرەتای مانگیشەوە سەردانی بەکارهێنەران بۆ هەژماری رووداو 23٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە بەرنامە و پێشکێشکارەکانی رووداو خەڵات دەکرێن، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە ناوی خۆی لە لووتکەی دامەزراوە پیشەییەکانی جیهان دا تۆمارکرد، لەپاڵ گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و چەندینی دیکەدا کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا بەهۆی سەرکەوتن و داهێنانەکانییەوە خەڵاتی ستیڤی بردووەتەوە.
 
سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، هیوای بەردەوامی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەخوازێت و دەڵێت، گرنگە رووداو لەسەر ئەو پیشەییبوونەی بەردوام بێت و کار و داهێنانی زیاتر بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.