نرخی زەوی و خانوو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک بەرز دەبێتەوە

15-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەراورد بە شەش مانگی رابردوو، نرخی زەوی و خانوو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری کەرکووک بەرزبووەتەوە. بازرگانێکی خانووبەرە دەڵێت، کڕیاری عەرەب و تورکمان زۆرە و ئەوە هۆکارە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت: "خزمەتکردنی گەڕەکەکان هۆکارە".
 
کاروان مام قادر، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە کەرکووک، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بە پێش رەمەزان نرخی زەوی و خانووش بەرزبوونەتەوە، ماوەیەک بازاڕ نەبوو، ئێستا بازاڕ گەرمە".
 
کاروان کە نووسینگەکەی بە ناوی "مام قادر"ـە لە گەڕەکی شۆراوی کوردنشین دەڵێت: "پێش مانگی رەمەزان خانوومان فرۆشتووە بە 60 ملیۆن دینار، ئێستا 85 ملیۆن دینار دەکات".
 
لەبارەی نرخی زەویشەوە کاروان مام قادر ئاماژەی بەوە کرد، زەوییەک بە نزیکەی 60 ملیۆن دینار فرۆشرابێت، ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن دینار دەکات.
 
ئەو هاونیشتمانییەی کەرکووک لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەوە دەڵێت: "تورکمان و عەرەب لە گەڕەکەکانی خۆیان خانووی گەورەیان هەیە و دەیفرۆشن و لێرە چەند خانوویەک دەکڕن، زۆریی کڕیاری ئەوان هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخە".
 
کاروان مام قادر گوتیشی: "کڕیارەکان تەنیا عەرەب و تورکمان نین و کوردی خۆشمان هەن، تەنانەت کڕیارمان هەیە لە سلێمانی و هەولێرەوە دەگەڕێنەوە کەرکووک و خانوو دەکڕن".
 
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە گەڕەکە کوردییەکان نرخی زەوی و خانوو بە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە، هۆکاری ئەوەش چڕکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانە لەو گەڕەکانە".
 
ئەحمەد کەرکووکی، کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "دوای دەسبەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار، خزمەتگوزاری زۆر لە گەڕەکە کوردییەکان جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش هۆکاری خواستە لەسەر خانوو و زەوی گەڕەکەکان".
 
گەڕەکەکانی کورستان، شۆراو، باروتخانە، پەنجە عەلی، نەورۆز و گەڕەکە کوردنشینەکانی دیکەی کەرکووک ئەو گەڕەکانەن نرخی زەوی و خانوویان بەرزبووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە