رووداو دیجیتاڵ
کەمئاوی هەڕەشە لە سەرچاوەی داهات و بژێویی ژیانی گوندنشینانی بەشێک لە گوندەکانی شارباژێڕ دەکات، بە جۆرێک کە ناچار بوون ئاژەڵەکانیان بفرۆشن و دەست لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش هەڵگرن.
جەلال سەعید، دانیشتووی گوندی شارستێنەیە، زەوییە دوو دۆنمییەکەی لە بێئاویدا وشکبووە و ئەو تەماتەیەش کە دەبوو زەوییەکەی سوور بکاتەوە، ئێستا زەرد هەڵگەڕاوە. لە گوندەکەی جەلال نزیکەی 20 ماڵ هەن و بێئاوی تەنگی بە هەموویان هەڵچنیوە.
جەلال دەڵێت، "بیرەکەم 98 مەتر قووڵە، بەڵام لە کاژێرێکدا 8 یان 9 خولەک ئاو دەدات. پێشتر 40 بۆ 50 سەر ئاژەڵم هەبوو، بەهۆی بێئاوییەوە 15 سەرم ماوە، ئەوانی دیکەم فرۆشت، زەوییەکەشم کە کردبوومە تەماتە، وشکبووە؛ نزیکەی ملیۆنێک دینارم تێدا خەرج کردبوو."
ئەو گوندنشینە باس لەوەش دەکات، ناتوانێت رۆژانە یان هەفتانە بە 50 بۆ 60 هەزار دینار تەنکەرێک ئاو بکڕێت بۆ زەییەکەی یان ئاژەڵەکانی، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت ناچارە پەنا بباتە بەر شارەکان و گوندەکەی چۆڵ بکات.
عومەر حاجی رەشید نموونەیەکی گوندی وڵانە لە شارباژێڕ، 120 سەر مەڕی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا کەمتر لە 10 سەری ماوە، ئەوانیش بەدوای چۆڕێک ئاودا وێڵن.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات، چەندین ماڵیان لە گوندەکە بەهۆی بێئاوییەوە ئاژەڵی نەماوە، خۆی کەمتر لە 10 سەر ئاژەڵی ماوە، ئەگەر ئاو هەبووایە دەبوو 200 سەری هەبووایە.
عومەریش هاوشێوەی بەشێک لە گوندنشینان دەڵێت، "ئەگەر دۆخەکە هەر وابێت، دەبێت بچم بۆ شار، ئەوکاتە گوندنشینەکانی دیکەی دراوسێشم وردە وردە دەڕۆن."
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان چوونە باخەکەیەوە، کە بیرێکی گەورەی هەیە، لە 4 مەتر ئاوەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە مەترێک؛ کەمئاوییەکە بە مەترسیدار دەزانێت و دەڵێت، تەمەنم 60 ساڵە و بێئاویی وای نەبینیوە.
تەها حاجی رەحیم، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان ئاشکرای دەکات، زۆرینەی بیرە 100 مەتر و 120 و 130 مەترییەکان وشکیان کردووە، ئەوانەش کە لەوە قووڵترن، بڕێکی کەم ئاویان تێدایە.
سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان گوتیشی، هەمووان پێشبینی دەکەن، دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت باخەکان نامێنن و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییش بە هەمان شێوە کەم دەبێتەوە، ئەمەش مەترسیدارە.
چارەسەری بنەڕەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، چاکسازییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئەوییەکان، چارەسەری خێراش کە داواکاریی گوندنشینانە بۆ ئەم هاوینە، دابینکردنی ئاوە بە تەنکەر بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و ئاژەڵەکانیان.
جگە لە کانی، کارێز و بیرەکان، ئاوی چەمەکانیش وشکبوون یان زۆر کەمیان کردووە، بە نموونە چەمی سیتەک کە ئێستا وشکەڵانە و وشکبووە.
وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان تەنیا کەمبوونەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ نییە، بەڵکو لەدەستدانی بژێویی ژیانی چەندین گوندنشینە، لە وێنە گەورەکەشدا ئاستی خۆبژێوی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ