کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا خوازیاری بەردەوامیی هاریکاریی هاوبەش و فراوانکردنیانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

15-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گویندەلن گرین ئەم مانگە کارەکانی وەک کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. دەستبەکاربوونەکە لە کاتێكدایە، لە چەند دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەولێر و واشنتن دروستبووە.
 
دەستبەکاربوون و پاشخانی پیشەیی
 
گویندەلن گرین، خاوەنی نزیکەی 25 ساڵ ئەزموونە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. پێش چوونی بۆ هەولێر، چەندین پۆستی هەبووە، لەوانە:
 
• جێگری باڵیۆز لە وڵاتی ئێسواتینی 2023-2025
 
• هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ماڵتا (2020-2023) کە تێیدا بەرژەوەندییە ئەمنی و بازرگانییەکانی ئەمریکای بەڕێوەبردووە.
 
• سەرۆکی ئۆپەراسیۆن و پلانی نێوان ئاژانسەکان بۆ رۆژهەڵاتی ئەفغانستان (2009-2011) کە شانبەشانی سەرکردایەتیی سەربازی کاری کردووە.
 
• بەرپرسی بەشی کۆنسووڵگەری لە دووبەی (2014-2017) کە سەرپەرشتی کاروباری ڤیزەی ئەمریکی بۆ ئێرانیشی دەکرد.
 
کۆبوونەوەکان: پەیامەکان لە یەکەم هەفتەدا
 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی، گرین بە یاوەریی ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی پێشوو، زنجیرەیەک دیداری فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کرد.
 
رۆژی یەکشەممە 10ی ئابی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە گویندەلن گرین و ستیڤ بیتنەر کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ رۆڵی کۆنسووڵی پێشوو لە "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە" هەبوو، هەروەها پشتیوانییەکانی ئەمریکای لەدوای کۆڕەوی ساڵی 1991 و شەڕی دژی داعش بەرز نرخاند.
 
لە بەرامبەردا کۆنسووڵی نوێ رۆڵی سەرۆک بارزانی-ی بە "ئەفسانەیی" ناوبرد و جەختی لە پەیوەندیی بەهێزی بەردەوامی نێوان هەردوولا کردەوە. دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی داهاتوو، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا تەوەری دیکەی دیدارەکە بوون.
 
هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەردوو کۆنسووڵ کرد.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی، خاتوو گرینی لە هەموو پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دڵنیا کردەوە و سوپاسی رۆڵی کۆنسووڵی پێشووی کرد، كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌ركه‌كه‌يدا كارى كردووه‌ بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كرده‌وه‌. 
 
گرین دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی وەک هاوپەیمانێک بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانێت. پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا و پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
 
لە کۆبوونەوە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە.
 
گرین رۆژی 10ی ئاب لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا شۆڕش ئیسماعیل داوای "زیاتر و فراوانترکردنی" پشتیوانییەکانی ئەمریکای کرد. لە بەرامبەردا گرین جەختی لە "پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە" کردەوە و هاوبەشیی ئەمنیی نێوان هەردوولای بە "ستراتیژی" ناوبرد.
 
رێککەوتنی ئەمنی و دۆسیەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە
 
پرسی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یەکێک لەو خاڵانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لێ دەکاتەوە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی (یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن) دا رێکخراوە.
 
 ئەو یاداشتنامەیە لە ساڵی 2016 واژۆکرا و لە ئەیلوولی 2022 نوێ کرایەوە. 
 
بەپێی ئەم رێککەوتنە، واشنتن هاوکاریی دارایی، لۆجیستی و راوێژکاریی سەربازی پێشکێشی پێشمەرگە دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێ بە جێبەجێکردنی چاکسازیی دامەزراوەیی بۆ یەکخستن و پرۆفیشناڵکردنی هێزەکانی.
 
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە کۆکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لەژێر چەتری وەزارەتێکی نیشتمانیدا. 
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. 
 
5ی ئەم مانگە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، لەم مانگەدا نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.
 
لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، گویندەلن گرین جەختی کردەوە کە "پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.