پەرلەمانی ئێران: بودجەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بەفیڕۆ دراوە

15-09-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ ئەو بودجەیەی بەفیڕۆ داوە کە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە تەرخانکراوە.
 
سومەیە رەفیعی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران لەبارەی بێ ئەنجامبوونی هەوڵەکان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە ساڵانی رابردوودا، بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، پارەیەکی زۆر بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دراوەتە لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەکە، بەڵام هەڵسەنگاندنی شێوازی کارکردنیان و ئەنجامی کارەکانیان دەریدەخات، ئەو پلانانەی جێبەجێکراون لە ئاستی ئەو بودجەیەدا نەبووە کە وەریانگرتووە. 
 
بە گوتەی رەفیعی، بەرپرسانی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بە ملیار تمەنییان وەرگرتووە، بەڵام ئامادە نەبوون تەنانەت خەڵکی ناوچەکە تێبگەیێنن چ بکەن بۆ ئەوەی زیان بە دەریاچەکە نەگات. دەشڵێت، بەو هۆیەوە بڕیاردراوە لێکۆڵینەوە لە شێوازی خەرجکردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بکرێت.
 
عیسا کەلانتەری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لە کابینەی حەسەن رووحانی رۆژی 02-09-2023 بە میدیاکانی راگەیاند، 83٪ی بودجەی تەرخانکراو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دراوەتە وەزارەتی وزە و لەو پارەیە جارێک 500 ملیۆن دۆلار و جارێکیش تریلیۆنێک و 20 ملیار تمەن دراوەتە سوپای پاسداران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار. 
 
هەروەها دەڵێت، 14٪ی بودجەکە دراوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵ کەمبکاتەوە و ٪2ی بودجەکە دراوەتە رێکخراوی پاراستنی ژینگە و 0.5٪ی بودجەکەش بۆ کاری لێکۆڵینەوەی زانستی و چالاکی کولتووری دراوەتە زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تاران و پارێزگاکانی ورمێ و تەورێز.
 
چەند مانگێکە دامودەزگا حکومییەکانی ئێران زانیاری فەرمی لەبارەی ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بڵاو ناکەنەوە. عیسا کەلانتەری دەڵێت، دەریاچەکە 700 تاوەکو 750 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە کە ئەویش رێژەی خوێی نێو ئاوەکە زیاتر لە ٪50یە و تاوەکو پایز بەشێکی زیاتری ئاوەکە دەبێتە هەڵم.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.