وەزارەتی بازرگانی: بەم نزیکانە بەغدا شایستە داراییەکانی جووتیاران دەنێرێت

15-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە دارایییەکانی جووتیاران بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان. بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانیش دەڵێت، "وەکو بەشی یەکەم پشکی سلێمانی 25 ملیار دینار دەبێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکەین."
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە دارایییەکانی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی."
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، راستەوخۆ بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەم چەند رۆژەدا بنێردرێت کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 50 ملیار دینار بێت. لەو بڕە، پشکی پارێزگای سلێمانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاترە؛ تەنیا بۆ سلێمانی وەکو بەشی یەکەم، بڕی 25 ملیار دینار تەرخان کراوە."
 
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، بڕیارە سبەی چەکەکەیان بۆ بنێردرێت و رۆژی پێنجشەممە بگاتە دەستیان، دواتر دەیبەنە بانکی هەرێم. گوتیشی، "ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێشەوە، ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکان جێبەجێ دەکەن و ئەگەر پارەی کاش لە بانکەکان هەبێت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
 
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 158 هەزار تۆن بوو. نەسرین ئەحمەد گوتی، "ئەگەر ئەو 25 ملیار دینارە دابەش بکرێت، هێشتا 108 ملیار دیناری دیکە دەمێنێت."
 
دوێنێ محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بڕی دوو تریلیۆن دینارمان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و بەسەر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش کراوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێک وەزارەتی دارایی پارەکە خەرج بکات، ئەوا لە گوژمەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
 
گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن، لە دهۆک نزیکەی 118 هەزار تۆن و لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش 158 هەزار تۆن بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
 
پار حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە و بە هەمان نرخیش وەری گرت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.