رووداو دیجیتاڵ
(لیژنەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان)ی ئاگرەکەی مانگی رابردووی پارێزگای هەڵەبجە بە نووسراوێکی فەرمی داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق دەکات.
فریاد نهجمهدین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانى ههڵهبجه کە سەرپەرشتیاری لیژنەکەیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە تیمێکی مەیدانی سەرجەم ئەو گوندانەمان بەسەرکردەوە کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە."
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان گوتیشی، "جگە لە زیانە سرووشتی و ژینگەییەکان، دانیشتووانی 6 گوند بە زیاتر لە ملیارێک دینار زیانی مادییان بەرکەوتووە."
زیانە مادییەکان بەهۆی ئاگرەکەوە بریتییە لە لەنێوچوونی ئاژەڵ، بنێشت و سووتانی باخەکانی هاونیشتمانییانی 6 گوندی سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
17ی ئابی ئەم ساڵ، ئاگرێک سنووری گوندەکانی هەڵەبجەی گرتەوە. دوای سێ رۆژ و گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان و برینداربوونی 6 کەسی دیکە، ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
فریاد نهجمهدین گوتی، "راپۆرتی هەڵسەنگاندنی زیانەکان بە وردەکارییەوە بە زمانی عەرەبی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەگەیێنینە بەغدا بۆ ئەوەی قەرەبووی هاونیشتمانیانی زیانلێکەوتوو بکرێتەوە."
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە 8ی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە زیانە مادییەکان، 5 هەزار دۆنم داری سرووشتی و پووش و پاوان لە ئاگرەکەدا سووتاوە."
قایمقامی هەڵەبجەش ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەش گوندی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ