پارتی و یەکێتی بەم نزیکانە کۆنابنەوە و پەرلەمانیش چاوەڕوانی ئەوانە

15-09-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە مانگێکی بەسەردا تێپەڕیوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی دەڵێت: هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە دیارینەکراوە. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیش بە رووداوی گوت: "بۆ دانیشتن، پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی حیزبەکانە."
 
14ی ئابی 2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستاندکاری یەکێتی و  پارتی کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشیان، "پێویستە هەوڵی چڕ و جیدی بدرێت بۆ ئەوەی مانگی ئەیلوول، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات."
 
"بەمزووانە پارتی و یەکێتی کۆنابنەوە و پەرلەمان کارا ناکرێتەوە"
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "باوەڕناکەم بەم نزیکانە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، مەگەر لەناکاو دۆخەکە بگۆڕدرێ".
 
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنەبوونەوەی دوو لایەنی سەرەکی، بە واتای کارانەبوونی پەرلەمان دێ و هیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
 
بەرپرسێکی پارتی: ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەکانی دواخستووە
 
شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتییە و پێشتریش بەرپرسی لقی خانەقین بووە، لەبارەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ یەکێتی، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پەیوەندییەکە خراپ نییە، چاوەڕێی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن و ئامادەکاری بۆ چۆنێتی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە دەکەن."
 
هاوکات، حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "هەست بە هیچ ساردییەک ناکەم لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەردەوام کار بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێ".
 
25ی ئاب، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک دیار نییە و ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی تەواو هەیە".
 
سەعدی پیرە: سەرۆکی کاتی بۆ پەرلەمان چارەسەرە
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "هەنگاوێکی دروستە و متمانەی خەڵک، دۆستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان زیاددەکات، چونکە نیشانی دەدات هەرێمی کوردستان لە چەقبەستووییدا نامێنێتەوە و بەرەو پێکهێنانی حکومەت هەنگاو دەنێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بە ئەزموونی پێشووی دانانی سەرۆکێکی کاتی بۆ پەرلەمان کرد، کاتێک ڤالا فەرید ئەو پۆستەی وەرگرت تاوەکو حکومەت پێکهێندرا و گوتی: "رێگەچارەی زۆر هەیە، خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ لەنێو ئەندامانی پەرلەمان هەن کە دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن."
 
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان: پەرلەمان ئامادەیە و چاوەڕێی حیزبەکانین
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەکەن، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.
 
هیوا نەسردەین گوتی: "ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕێی تەواوکردنی رێژەی یاسایین و پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتن".
 
لەبارەی هەوڵی حیزبەکانیش (بەتایبەت پارتی و یەکێتی) بۆ کۆبوونەوە گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچمان پێ نەگوتراوە."
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".