سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین: نەوتی پار و ئەم ساڵ دابەش دەکەین

15-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، سبەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی ساڵی رابردوو دەکرێت بۆ ئەو خێزانانەی کە لە بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەکە، پار نەوتی سپییان وەرنەگرتبوو. دەشڵێت، "دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسەیە دەست بە دابەشکردنی نەوتی ئەم ساڵیش دەکرێت."
 
شەوی یەکشەممە، 15-12-2023، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە سبەی دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، نەوتی سپیی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشبکرێت کە ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتبوو، پڕۆسەکە رانییە و ناحیەکانی دەوروبەری لە چوارقوڕنە، بێتواتە، بەشێکی ناحیەکانی سەنگەسەر و ژاراوە دەگرێتەوە، چونکە ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتبوو، بڕیارە ئەو پڕۆسەیە لەماوەی پێنج رۆژدا تەواو ببێت."
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپیی ئەم ساڵ بەسەر دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە بەپێی قسەکانی ئەو پێویستی بە 90 بۆ 100 هەزار بەرمیلە، گوتی، "نەوتی ئەم ساڵ دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی ساڵی رابردوو دەستپێدەکات و لەماوەیەکی کەمدا هەموو دابەشکردنەکە تەواو دەبێت."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سووتەمەنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تائێستا 11 ملیۆن و 967 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە. 
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی هەولێر، تاوەکو 14ـی ئۆکتۆبەر، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 4 ملیۆن و 238 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
 
هەروەها لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی، دابەشکردنی نەوت لە 9ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 12ـی مانگ لە قەزاکانی پێنجوێن و سەیدسادق 3 ملیۆن و 260 هەزار لیتر دابەشکراوە، 2 ملیۆن و 383 هەزار لیتری بۆ پێنجوێن بووە و 879 هەزار لیتریش بۆ سەیدساق.
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیش 4 ملیۆن و 469 هەزار لیتر نەوت بەسەر 22 هەزار و 345 خێزاندا دابەشکراوە. لەو بڕە، ملیۆنێک و 892 هەزار 40 لیتری بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەشکراوە بووە.
 
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە تائێستا دەست بە دابەشکردنی نەوت نەکراوە.
 
بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن، ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە