رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگى پەیامێک بۆ لیستەکەى دەنێرێت لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و پێى گوتوون: "بەردەوامبن."
چوارشەممە، 15ى تشرینى یەکەمى 2025، بورهان رەشید، سەرلیستى "بەرەى گەلەکەمان" لە پارێزگاى سلێمانى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەرێگەى ئاواز خانى خوشکییەوە داوام لە لاهوور شێخ جەنگى کرد کە پەیامێک بداتە لیستەکەى لەبارەى هەڵبژاردنەوە، وەڵامەکەمان پێگەیشتووە کە گوتوویەتى با بەردەوام بن."
لیستى بەرەى گەلەکەمان، لە پارێزگاکانى سلێمانى، هەولێر، دهۆک، کەرکووک 19 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هەیە.
بە گوتەى بورهان رەشید، یەکێک لە پەیامەکانى دیکەى لاهوور شێخ جەنگى ئەوە بووە کە ئەوى راسپاردووە بۆ بەدواداچوونى پرسى گیراوانى رووداوەکەى لالەزار.
22ـى ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانى هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دواى زیاتر لە سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگى، سەرۆکى بەرەى گەل و برایەکى و ژمارەیەک کەسى دیکە دەستگیرکران.
ئەوە دووەم هەڵبژاردنە کە ئەو لیستە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردن، لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2024 کە دوو کورسیی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 ئەنجام دەدرێت. لە 3ى تشرینى یەکەمەوە بانگەشەى بەربژێر و لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ