دوو مانگ تێپەڕی و دەرگەی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە داخراوی ماونەتەوە

15-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە.
 
لەسەر ئەو پرسە، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت، "هەوڵی جیدی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام". نوێنەرێکی وانەبێژانیش دەڵێت، "بەردەوام دەبن لە بایکۆت تاوەکو جێبەجکردنی داواکانیان".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆت بەردەوامە؛ هەوڵێک هەبوو بۆ کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و نوێنەرانی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ، بەڵام مامۆستایان رەتیانکردەوە و گوتیان ئەگەر نەزانن ئەنجامی کۆبوونەوەکە چییە بەشداری ناکەن".
 
مامۆستا کارۆخ گوتی، تاوەکو ئەمڕۆش لە 13 پەروەردەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆت بەردەوامە و تەنیا قوتابییانی پۆلی 12 دەوام دەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام؛ ئێستا هەوڵی جیدیی هەیە، بەڵام ئەنجام و کاتەکەی دیارنییە و روون نییە کەی دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە".
 
13ـی ئەیلوول خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە.
 
ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵان - یونسێف خوێندنی ساڵێک هەژمار ناکات ئەگەر لەو ساڵەدا دەوام وەکو پێویست نەبوو، ئەوەش نیگەرانی کەسوکاری ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە کە لە سنوورەکانیان بایکۆت هەیە.
 
لەوبارەیەوە، 12ـی ئەم مام مانگە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی گوت، "خوێندن نافەوتێت؛ یونسێف تەنیا راسپاردەی دەبێت و هیچ کاتێک ناتوانێت خوێندن لە شارێک یان وڵاتێک پەکبخات یان رەتیبکاتەوە. ئەوەی هەیە ئەگەر لە ناوچەیەکیش بایکۆت کۆتایی نەهات پەروەردەی ناوچەکە بیەوێت دەتوانێت کۆتایی خوێندن رابگەیێنێت، نەوەک یونسێف".
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان