رووداو دیجیتاڵ
لایەنە سوننەکان، کە زۆرینەیان پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانیى سەروەرى سوننە بوون، لەبارەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان کۆبوونەوە.
رۆژی 15ـى تشرینى دووەمى 2023، پارتى سەروەرى لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کە خەمیس خەنجەر، سەرۆکى ئەو پارتە لەگەڵ لایەنە سوننەکان کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنى دەرهاویشتەکانى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان.
رۆژی 14ـى تشرینى دووەم دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
هەر ئەمڕۆ خەمیس خەنجەر لەگەڵ محەممەد حەلبووسی کۆبوونەوە، کە بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پارتى سەروەرى، پرسی بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیان تاوتوێ کردووە.
هاوپەیمانیى سەروەرى کە نوێنەرایەتیی زۆرینەى سوننەکان دەکات، لە هەردوو پارتى سەروەرى و تەقەدوم پێکهاتووە، کە پێکەوە زیاتر لە 70 ئەندامیان لە پەرلەمان هەیە.
ئەو هاوپەیمانێتیە پێنج وەزیرى لە حکومەتى ئێستاى عێراق هەیە، کە سێ لە وەزیرەکانیان وەکو کاردانەوەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەستیان لەکارکێشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ