ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات

15-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی  فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە داهاتی گەڕاوەی نێوخۆی هەندێك لە وەزارەتەكان و سیستمی ژمێریاریی پەیڕەوكراو بۆ فەرمانگەكان.
 
12ـی ئەم مانگە، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری وەزارەتەکە و ژمارەیەک بریکار و راوێژکاری وەزارەتەکە سەردانی شاری هەولێریان کرد و لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیان چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، ''سروشتی گرێبەستە نەوتییە واژۆکراوەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان باس کرا؛ وەک دەزانن گرێبەستەکان بەشداریکردنە لە بەرهەم، بەڵام بۆ ئێمە وەک حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەدا بکرێت".
 
دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شاندەکەی عێراقی گوت، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌رچى زووترى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، گرنگ و پێويستە.
 
هەروەها دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی؛ مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات کردەوە "ئەوەش لەچوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و، رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدراڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە."
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەم ساڵ دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا راگیراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.