رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی رابردوو کرا، دەنگی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێکەوە لەم هەڵبژاردنەدا کەمی کردووە، بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کۆی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان 564 هەزار و 707 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 516 هەزار و 776 دەنگیان بەدەستهێنا، واتە پێکەوە نزیکەی 48 هەزار دەنگیان لەدەستداوە.
لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جیاوازییەکی زۆر لە دەنگی بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەدیدەکرێت. بۆ نموونە، نەوەی نوێ دەنگەکانی بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیون، بەڵام رەوتی هەڵوێست دەنگەکانی سێ هێندە زیادیان کردووە.
نەوەی نوێ دەنگی بووەتە نیوە، بەڵام دەنگی هەڵوێست سێ بەرامبەر بووە
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 287 هەزار و 300 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 123 هەزار و 334 دەنگی بەدەستهێنا، واتە 163 هەزار و 966 دەنگی لەدەستداوە.
بەڵام دەنگی رەوتی هەڵوێست و یەکگرتوو زیادیان کردووە، بەجۆرێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا رەوتی هەڵوێست 54 هەزار و 725 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 156 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، واتە 102 هەزار و 207 دەنگی زیادکردووە. دەنگی یەکگرتووش لە 117 هەزارەوە بووەتە 156 هەزار دەنگ.
د. رێبوار کەریم، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، "هۆکاری زیادبوونی دەنگەکانمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە متمانەی خۆمان پاراست و ئەوەی گوتمان جێبەجێمان کرد؛ لە داهاتووشدا کار بۆ زیاترکردنی ئەو متمانەیە و بەرزتربوونەوەی رێژەی دەنگەکانمان دەکەین."
کۆمەڵ و بەرەی گەل زیاتر لە 16 هەزار دەنگیان لەدەستداوە
کۆمەڵی دادگەری دەنگەکانی لە 54 هەزار و 725 دەنگەوە بۆ 49 هەزار و 748 دەنگ کەمبوونەتەوە، واتە 7 هەزار و 224 دەنگی لەدەستچووە. بەرەی گەلیش کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکەم بەشداریکردنی بوو، 30 هەزار و 131 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 9 هەزار و 136 دەنگی لەدەستدا و تەنیا 20 هەزار و 995 دەنگی بەدەستهێنا کە نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بباتەوە.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، "فرەلیستی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، یاسای هەڵبژاردن، قۆڕخکاری و پاوانخوازیی هێزەکانی دەسەڵات و بایکۆتی دەنگدەران، چوار هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی دەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنن."
"پێکنەهێنانی پەرلەمانی کوردستان و کاریگەری لەسەر بۆچوون"
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەنگەکانی لە 117 هەزار و 444 دەنگەوە بۆ 156 هەزار و 932 دەنگ بەرزبوونەتەوە، واتە 50 هەزار و 25 دەنگ زیادی کردووە.
سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "بێزاری خەڵک هۆکارێکی زەقە بۆ کەمبوونەوەی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی. خەڵک دەڵێن، ساڵێک زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام نە حکومەت پێکهێندراوە و نە پەرلەمان دانیشتن دەکات و هەمووان دەستەوەستانن."
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوو، فرەلیستی، یاسای هەڵبژاردن و سیستمی سانتلیگۆ بە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن دەزانێت و دەشڵێت، "زۆر هەوڵماندا ئۆپۆزیسیۆن یەک لیست بێ، بەڵام سەری نەگرت و هەندێک لایەن ئامادەی ئەوە نەبوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ