رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی لافاو دروست نەبێ.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ ساڵە کاردەکەین بۆ ئەوەی لافاو لە هەولێر دروست نەبێ، ئەوەش لە رێگەی دوو پلانەوە؛ پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن و پلانی ساڵانەی پێش بارانبارین".
پارێزگاری هەولێر گوتی: "پلانی ستراتیژی بریتییە لە دروستکردنی گۆم و ئاوەڕۆیە لوولەیی و سندووقییەکان کە سێ ساڵە دەستمان پێکردووە و بەردەوامە".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە پلانی ساڵانەکەش کرد و گوتی: "ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، چەند مانگێکە دەستمان کردووە بە پاککردنەوەی کۆڕنیش و رێڕۆی ئاو و باراناو، خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ساڵانی پێشووتر دەبوونە هۆکاری دروستبوونی لافاو، ئەویش بە درێژایی 700 کیلۆمەتر".
پارێزگاری هەولێر گوتی: "هەندێک رووداوی سرووشتی و لەناکاو هەن کە لە هەموو جیهاندا دەبنە هۆکاری لافاو. ئەگەر رووداوی لەو شێوەیە روونەدات، ئەگەر هیچ مەترسییەکی دروستبوونی لافاو لە هەولێر نەماوە، چونکە هۆکارەکانی دروستبوونی لابراون".
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان: "ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێ و لە چەند ناوچەیەک لە کاتی جیادا لێزمە باران دەبارێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ