رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 10 مانگ لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە پارێزگای کەرکووک، نوێنەرێکی جووتیارانی کورد لەو سنوورە دەڵێ: "یاساکە جێبەجێ نەکراوە و ناتوانین بیرێکی ئاو لە زەوییەکانمان لێبدەین".
پاش چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و جێبەجێ نەکراون.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وێڕای دەرچوونی یاساکە و دروستبوونی لیژنە و نووسینی رێکارەکان، تاوەکو ئەمڕۆ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
ئەو نوێنەرەی جووتیارانی کورد ئاماژەی بەوەکرد: "نووسراوی کۆتایی یاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی شوورا لە عێراق کراوە، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بەسەردا هات، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی شووراین".
لە 08ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، لەلایەن عەرەبی هاوردە و بەشێکی سوپای عێراقەوە رێگری کرا لە جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک و رێگەیان نەدا ساڵی رابردوو زەوییەکان بکێڵن.
لەبارەی چارەنووسی زەوی ئەو پێنج گوندەوە محەممەد ئەمین کە خۆی خەڵکی یەكێک لەو گوندانەیە گوتی: "پێش هەڵبژاردنەکان بە بڕیارێکی تایبەتی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک رێگەمان پێدرا زەوییەکانمان بەکاربهێنین و ئێستا کاری تێدا دەکەین، بەڵام ئەمە وەکو ئەوە نییە یاساکە جێبەجێ بکرێت".
ئەو زەوییانەی ئەم ساڵ جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان دەتوانن کاری تێدا بکەن و ساڵی رابردوو لێیان قەدەخە بوو، نزیکەی 30 هەزار دۆنمە.
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە عەرەبە هاوردەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە پاساوی خاوەنداری زەوییەکانی کورد، دەیان جار رێگرییان لە کورد کردووە کشتوکاڵ لەسەر زەوییەکانیان بکەن.
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد: "ئێستا راستە بڕیارێک هەیە بۆ کارکردنمان لە زەوی خۆمان، بەڵام هێشتا مەترسییەکان هەن و ئەگەر هەیە دیسان رێگریمان لێ بکرێتەوە. هەروەها تاوەکو یاساکە جێبەجێ نەکرێت و زەوییەکان نەکرێنەوە بە ناوی خۆمانەوە، ناتوانین تەنانەت بیرێکی ئاو لە زەوییەکانمان لێبدەین".
دووشەممە 10-11-2025، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: ''جووتیاران دەتوانن لە 12-10-2025ـەوە سەردانی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە (تەسجیل عەقاری) بکەن بۆ پێشکێشکردنی بەڵگە و مامەڵەکانی سەلماندنی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان".
وەزیری دادی عێراق گوتی: "لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتیی پارێزگاری کەرکوک پێکهێنراوە کە لەو شوێنانە کێشەی زەویوزار چارەسەر دەکەن و جارێکی دیکە دۆسیەکە رەوانەی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە دەکەنەوە، بۆ ئەوەی زەوییەکان بکەونەوە دەست خاوەنە رەسەنەکانیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ