رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی کورد لە چین دەڵێت، قسەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی هەرێمی کوردستان، حکومەت و کۆمپانیاکانی چین کردووە بۆ کردنەوەی کارگە لە هەرێمی کوردستان و بیرۆکەکەی پێشوازیی لێکراوە، بەڵام هەندێک ئاڵنگاری هەن کە دەبێت چارەسەر بکرێن.
باکۆ هەزارمێردی، بازرگان و کارساز لە شاری ئیۆ لە چین گوتی، دوای ئەوەی هەردوو شاری سلێمانی و ئیۆ بوونە دەستەخوشک، دەرفەتێکی زۆرباش رەخساوە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و سەرمایەگوزاریی چین و زیادکردنی هەناردە و کردنەوەی کارگە لە هەرێمی کوردستان.
ئەو بازرگانە دەڵێت، ئاسانکاری بۆ بازرگان و سەرمایەداران لە کردنەوەی کارگەی لقی کۆمپانیا چینییەکان، دەبێتە پاڵپشتییەکی زۆرباش بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنێت.
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی دەستەخوشکیی سلێمانی و ئیۆ کە لە شاری ئیۆ بەڕێوەچوو، شاندێکی بەرپرسانی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی د. هەڤاڵ ئەبوبوکر، پارێزگاری سلێمانی بەشدار بوون.
باکۆ هەزارمێردی گوتی، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پڕۆژەکەی قسەیان کردووە و پارێزگار زۆر بەلایەوە باش بووە و گوتوویەتی، هەرچیی هاوکارییەک پێمان بکرێت بۆتان دەیکەین.
گوتیشی، بەرپرسانی خۆجێیی لە شاری ئیۆش دەرگایان کراوەیە و ئامادەیی ئەوەیان هەیە بێن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن و کارگە دابمەزرێنن.
بە گوتەی ئەو بازرگانە، ئەو پڕۆژەیە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی لەبەردەمە، کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن، لەوانە؛ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باجی ئەو کۆمپانیایانە خۆشبێت، زەوییان بۆ دابین بکرێت و لە بواری دیکە هاوکارییان بکرێت وەک دابینکردنی کارەبا بە نرخێکی هەرزان تاوەکو ئەوکاتەی کۆمپانیاکان دەکەونە سەر رێچکەی ئاسایی لە کارەکانیان.
باکۆ پێشیوایە، ئێستا دەرفەتێکی زۆرباش رەخساوە دوای هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی سەر سووریا و بووەتە بازاڕێکی زۆر سەرنجڕاكێش و گەورە کە دەتواندرێت بەرهەم و کاڵایان بۆ بنێردرێت.
قسەکانی باکۆ هەزارمێردی لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ شەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشیکرد.
بازرگانە کوردەکە باسی لەوەشکرد، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی لەبارەی پڕۆژەکەی قسەی کردووە، بەڵام نەچوونەتە نێو وردەکارییەوە و دەڵێت، زۆر گرنگە کۆمپانیاکان هاوکاری بکرێن، چونکە ئێستا چین لە بواری پیشەسازی هەنگاوی گەورەی ناوە و پارەیەکی زۆر خەرجدەکات بۆ کارگەکانی.
ئەو دەڵێت، دەکرێت سوود لەم سیاسەتە پیشەسازییانەی چین وەربگیرێت، بەتایبەتی کە ئێستا سلێمانی بووەتە دەستەخوشکی شاری ئیۆ.
باکۆ هەزارمێردی گوتیشی، ئێستا لە چین ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکەن بۆ کردنەوەی کارگەکەی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی.
دەشڵێت، بیرۆکەیەکی دیکەش هەیە بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا لە قۆناخی سەرەتایە. لە پلانیاندایە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکەش گفتوگۆ بکەن.
لە قسەکانیدا، باکۆ ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت لە پێدانی ڤیزا کارئاسانی بۆ بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەو دەڵێت، ڤیزا بۆ ئەو چینییانەی دێنە عێراق و هەرێمی کوردستان بەخۆڕاییە، بەڵام بۆ ئەو بازرگانە کورد و عێراقییانەی دەیانەوێت بچنە چین، بە 1500 دۆلارە، ئەوەش لاسەنگییە و ناکرێت بەم جۆرە بێت.
لەدوای تورکیا و ئێران، چین سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە. پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 55 ملیار دۆلار بووە.
بەکۆی گشتی، 530 کۆمپانیای عێراق لە چین کاردەکەن و کاڵا لە چینەوە دەهێننە عێراق.
تەنیا لە شاری ئیۆش، زیاتر لە 250 کۆمپانیا تۆمارکراون کە خاوەنەکانیان کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ