پەرلەمانتارانی دەم پارتی رەخنە لە کەمیی بودجەی تەرخانکراو بۆ گەشتوگوزاری باکووری کوردستان دەگرن

15-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنە لە وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا دەگرن و دەڵێن، زۆربەی بودجەکەی بۆ شارەکانی رۆژئاوای تورکیا تەرخان دەکرێ و ناوچەکانی باکووری کوردستان پشتگوێ دەخرێن.
 
شەوی رابردوو لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی ساڵی 2026ـی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا لە کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی پەرلەمان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی رەخنەی تووندیان لە سیاسەتەکانی وەزارەتەکە گرت.
 
سەباحەت ئەردۆغان ساريتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی سێرتی باکووری کوردستان رایگەیاند، بودجەی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار نزیکەی 70 ملیار لیرەیە (نزیکەی 1 ملیار و 660 ملیۆن دۆلار) و 90%ـی بۆ شارەکانی رۆژئاوای تورکیا خەرج دەکرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو پشکەی بۆ پارێزگاکانی ناوچەکە (باکووری کوردستان) تەرخان دەکرێ، لە 5% کەمترە." 
 
بەریتان گونەش ئاڵتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین، سیاسەتەکانی بواری کولتووری بە "نمایشی تووندوتیژی" ناوبرد و گوتی: "با بێینە سەر بابەتی ماڵی دەنگبێژان لە جزیرێ. بۆ ساڵانێکی زۆر یەکێک بووە لە ناوەندەکانی کولتووری کوردی، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنێک کە چالاکییە کولتوورییەکان تێیدا قەدەخەن. ئەگەر بەمە نەڵێین قڕکردنی کولتووری، ئەی چی پێ بڵێین؟"
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، لەکۆی 25 ملیۆن کتێب لە کتێبخانە گشتییەکانی تورکیادا، رێژەی کتێبی کوردی تەنیا 0.08%ـە و گوتی: "ئێمە ناتوانین ئەمە جگە لە پاکتاوکردن بە شتێکی دیکە ناوبێنین." 
 
یڵماز هون، پەرلەمانتارێکی دیکەی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار "تەنیا یەک ناسنامەی کردووەتە چەقی سەرچاوە و فرەزمانی و فرەکولتووریی پشتگوێ دەخات." 
 
هون گوتیشی: "بەناوی کولتووری نیشتمانییەوە زمانەکانی وەک کوردی، ئەرمەنی، لازی، سریانی و عەرەبی پشتگوێخراون. قەدەخەکردنی کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد و کردنەوەی دۆسیە بۆ ئەو هونەرمەندانەی بە کوردی گۆرانی دەڵێن، سیاسەتی کولتووری نییە، بەڵکو دیزاینکردنی کولتوورییە."
 
جۆرج ئەسڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین، باسی لە دۆخی کەنیسە و دێرە مێژووییەکان کرد و رایگەیاند: "هەزاران کەنیسە و دێر لە سەرتاسەری تورکیادا بەشێکی بەرچاویان بوونەتە وێرانە. هەندێکیان وەک کۆگا بەکاردەهێندرێن و بەشێکیشیان کراونەتە مزگەوت." 
 
ئەسڵان نموونەی ناوچەکانی وان، جۆلەمێرگ و مێردینی هێنایەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەرمەن و ئاشووری و سریانییەکانیش بووە و گوتی: "لە رابردوودا لە جۆلەمێرگ سەتان کەنیسە هەبوون. ئەمڕۆ تەنیا نزیکەی 20-30 دانەیان ماون، وەک کەنیسە کۆچانس، مار شەلیتا و دێری مار عەبدیشۆ. بەداخەوە، ئەو شوێنەوارانەش نیوەیان رووخاون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.