رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کارەبای بەشێکی شاری سلێمانی بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی شۆرتی گۆڕەر و فیدەرەکانەوە کوژایەوە، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رووداویان گوت: "کارەبای بەشێکی گەڕەکەکان گەڕاوەتەوە و بەشێکی بێ کارەبایە".
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی کارەبای بەشێکی گەڕەکەکانی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە و شۆرتەکان چاککراون و کارەبا گەڕاوەتەوە".
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 80 فیدەر لەنێو شار و دەرەوەی شار کێشەیان بۆ دروستببوو".
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "بەهۆی زۆریی فیدەرەکانەوە کە کێشەیان بۆ دروستببوو، هێشتا دۆخی کارەبا لە سلێمانی بە تەواویی ئاسایی نەبووەتەوە و تیمەکان لە ئەرکدان بۆ گەڕانەوەی کارەبا بۆ هەموو ئەو گەڕەکانەی کارەبایان بڕاوە".
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 570 موەلیدەی سنوورەکەمان تەنیا 91 موەلیدەیان گرێبەستیان بۆ نەکراوە و ئەوانی دیکە لە نەبوونی کارەبادا کاردەکەن".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتیشی: "لە دوێنیوە ئاگادار کراوینەتەوە لە ئەگەری روودانی هەر کێشەیەکی تەکنیکی لە کارەبای نیشتمانی، موەلیدەکان کار پێبکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ