رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی دەڵێت، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان تەمە و مەودای بینین بۆ کەمتر لە 200 مەتر دابەزیووە؛ کەشناسێک دەڵێت، کاریگەریی تەمەکە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و دەوروبەری سلێمانی زیاترە و تاوەکو کاژێر 09:00ـی سبەی بەردەوام دەبێت. هاتووچۆش رێنوێنی شۆفێران دەکات کە لەکاتی تەمدا لایتی نزم بەکاربێنن، جامی ئۆتۆمبێلەکان بکەنەوە و گوێ لە سەرنشین و رادیۆ نەگرن.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 15-12-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان تەم دروستبووە و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت؛ مەودای بینین لە هەندێک ناوچەدا کەمتر بۆ 200 مەتر کەم بووەتەوە."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بههۆی بارینی باران و دابهزینی پلهی گهرماوه چهند رۆژێكه تەم ههرێمی كوردستانی گرتووهتهوه."
ئەو کەشناسە گوتی، تەمەکە تاوەکو کاژێر 09:00ـی سبەی کاریگەری دەبێت؛ دەشڵێت، تەمەکە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و دەوروبەری سلێمانی کاریگەری زیاتری هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانیش سێ رێنوێنی دەداتە شۆفێران بۆ جێبەجێکردنیان لە کاتی شۆفێریکردندا لە کەشوهەوای تەماویدا:
- ئەگەر مەودای بینین گەیشتە بڕێکی زۆر کەم بەهۆی زۆری تەمەوە، ئەوە شوێنێکی باش و سەلامەت بدۆزەرەوە و ئۆتۆمبێلەکەت بە زووترین کات رابگرە؛ چاوەڕێ بکە تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
- هەمیشە لایتە نزمەکانت دابگیرسێنە و دوور بکەوە لە بەکارهێنانی لایتی بەرز (فول لایت) لەکاتی بوونی تەمدا، چونکە بوونی دەنکۆڵەی وردی ئاو لە کەشی تەماویدا وا دەکات رووناکییەکە بڵاوبێتەوە و کاردانەوە دروست بکات. لایتە نزمەکان دابگیرسێنە یان لایتی تەم (بلاجیکتۆر) بۆ ئەوەی لەلایەن شۆفێرانی دیکەی رێگەکەوە ببینرێن.
- بە باشی هۆشت لەسەر رێگەکە بێت؛ شۆفێریکردن لە کەشوهەوای تەماوییدا ئاسان نییە و ناکرێت چەند کارێک بەیەکەوە بکەیت؛ بۆیە باشتر وایە ئەم رێکارانە بگریتەبەر، رادیۆکەت بکوژێنەرەوە، قسە لەگەڵ سەرنشینەکانی دیکە مەکە بۆ ئەوەی تەواوی سەرنجت لەسەر رێگەکە بێت، جامی ئوتومبێلەکەت بکەرەوە بۆ ئەوەی گوێت لە ئۆتۆمبێلەکانی دەرەوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ