دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکانی ئیلام راگیرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی خراپیی کواڵیتی و تێکچوونی ئەو شیرەی لە قوتابخانەکانی شاری دێلوران سەر بە پارێزگای ئیلام بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکرێ، دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکانی تەواوی پارێزگاکە راگیرا.
 
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ئیلام لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکان راگیراوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەلامەتی شیرەکە بکرێ.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ئیلام بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات و بۆ دڵنیایی زیاتر، نموونەی شیری دابەشکراو دەنێردرێ بۆ تاقیگە باوەڕپێکراوەکانی پارێزگاکە.
 
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ئیلام باس لەوە دەکات، تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و دڵنیابوون لە سەلامەتیی شیرەکە، راگرتنی دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکانی پارێزگاکە بەردەوام دەبێ.
 
دە رۆژ لەمەوبەر دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکانی قۆناخی سەرەتایی لە پارێزگای ئیلام وەک پلانێکی حکومەتی ئێران بۆ باشترکردنی خۆراک و تەندروستیی قوتابیان دەستیپێکرد.
 
حیشمەتوڵڵا وەردی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەکەدا حکومەت بە خۆڕایی شیر لەسەر 750 قوتابخانە دابەش دەکات کە زیاتر لە 55 هەزار قوتابی لێی سوودمەند دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە