رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێ، شەوی لافاوەکە داوای کردووە رۆژی دواتر بکرێتە پشوو، بەڵام قایمقام و سەرووی خۆی رەتیانکردووەتەوە، هەربۆیە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر "تێوەگلانی پەروەردە بە لافاو" دەستی لەکارکێشاوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پەوەردەی چەمچەماڵ لە رۆژی لافاوەکە هیچ کەمتەرخەمییەکی نەبووە.
عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی باس لەوەش دەکات، 18 قوتابخانەی چەمچەماڵ بەهۆی لافاو زیانیان بەرکەوتووە.
چیرۆکی دەستلەکارکێشانەوەکە
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی و دۆخی قوتابخانەکانی سنوورەکەی کرد.
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتی، "دوێنێ دەستم لەکارکێشایەوە. هەرچەندە بابەتی لافاوەکە پەیوەندی بە پەروەردەوە نییە، ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، تێوەگلانی پەروەردە بوو بە لافاوەکە کە رەوا نەبوو و ستەمکردن بوو لە پەروەردە. یەک خاڵ لەسەر پەروەردە ئەوە بوو کە بۆچی نەکراوە بە پشوو. ئەو ئاگادارییەی بۆ گەرمیان هات شەوی 8 لەسەر 9. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و پارێزگار گفتوگۆیان لەسەر پشوو کردبوو و دیار بوو رێکنەکەوتبوون، دواتر ئاگادارییەک هات کە دەوامە و پشوو نییە. دواتر ئێمە لەگەڵ ئیدارەی خۆمان گفتوگۆمان کرد کە پێویستە بیکەینە پشوو. دیاربوو جەنابی قایمقام قسەی لەگەڵ سەرووی خۆی کردبوو و دواتر گوتی دیارە نایانەوێ و حەزیان لێ نییە بیکەینە پشوو."
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتی، "ئەم ساڵ وەک پێویست، لەکاتی خۆیدا رێکارەکانی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان دانەبەزین. ئەو شەوە گفتوگۆمان کرد، بەڵام دەسەڵات نەدرایە قەزاکان پشوو رابگەیێنن."
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "پەروەردەی چەمچەماڵ بە مامۆستا و هەموو ستافییەوە، درێخییان نەکردووە و ئەوەی پێویست بووە لە قوتابخانەکان کردوویانە و هەموومان بەشداربووین و کەس نەیهێشت لەکاتی لافاو زیانی گیانی هەبێت و قوتابییان رزگارکران. هەندێک لە مامۆستاکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان قوتابیانییان گەیاندەوە ماڵەکانیان، بۆیە ئێمە هەست دەکەین پەروەردە 1٪ش کەمتەرخەمی نەکردووە."
عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش گوتی، "پارێزگاری سلێمانی رێگەی نەداوە ئەو رۆژە پشوو رابگەیێنرێ، چونکە شەوەکەی داواکاری هەبوو" بۆ ئەو بابەتە.
زیانی 18 قوتابخانە
سەبارەت بە زیانەکانی لافاوەکە، بەڕێوەبەری پەروەردە گوتی، سەرەتا وایانزانیوە 12 قوتابخانەیە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە 18 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکانیان شکاوە و هەندێکیشیان دزییان لێکراوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ باسی لەوەش کرد، ئێستا سەرقاڵی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەن و وەک پێشینەیەک (سلفە) بڕی 50 ملیۆن دیناریان بۆ خەرجکراوە بۆ ئەوەی بەپەلە دەست بەکارەکان بکەن، هەرچەندە بەپێی دەرخستەکەی ئەوان کە پێشکێشیان کردووە، پێویستیان بە نزیکەی 93 ملیۆن دینارە بۆ چاککردنەوەی تەواوەتی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوەکەوە بەر قوتابخانەکان کەوتوون.
مەترسیی رووخانی دوو قوتابخانە
عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش گوتی، "دوو قوتابخانەمان (خاکی بنەڕەتی و نیشتمان) بەهۆی ئەوەی دیواریان تەقیوە، بەهیچ شێوەیەک بۆ دەوامکردن نابن و مەترسییان لەسەرە، بەڵام شوێن نییە قوتابی بۆ بگوازینەوە، زیاتر لە هەشت جاریش سەرووی خۆمم ئاگادار کردووەتەوە، کەچی بەدەمیەوە نەهاتوون".
وەک بەڕێوەبەری چەمچەماڵ ئاماژەی بۆ دەکات، هەموو قوتابخانەکانی چەمچەماڵ پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و گوتی، "لە 2014ـەوە هیچ قوتابخانەیەک لە چەمچەماڵ دروست نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ