شارەکانی خۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنیای تورکیا بوونە دەستەخوشک

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ و شاری کۆنیای تورکیا بە فەرمی ئەو دوو شارەیان وەکو دەستەخوشک راگەیاند.
 
لە پەراوێزی کۆڕبەندی سەرۆک شارەوانییەکانی ئاسیا کە لە شاری کۆنیای تورکیا بەڕێوەدەچێ، بەهمەن رەزانژاد، جێگری سەرۆکی شارەوانیی خۆی و مستەفا ئۆزباش، جێگری سەرۆکی شارەوانیی کۆنیا رێککەوتنی راگەیاندنی ئەو دوو شارەیان وەک دەستەخوشک راگەیاند. 
 
بەرپرسانی دوو شارەکە دەڵێن، ئامانجیان لە بە دەستەخوشک راگەیاندنی خۆی و کۆنیا، پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بواری کولتووری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە لەبواری بەڕێوەبەریی شاردا.
 
لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 لە شارەوانیی کۆنیا بەڕێوەچوو، سەجاد چهرەئارا، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری خۆی گوتی، بوونی ئەو دوو شارە بە دەستەخوشک دەرفەتێکی کەم وێنەیە بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری، بەڕێوەبردنی رێوڕەسم و بۆنەی هاوبەشی کولتووری و پەرەپێدانی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو شارەکە.
 
شاری خۆی دووەم شاری گەورەی پارێزگای ورمێیە دوای شاری ورمێ و زیاتر لە 350 هەزار کەس دانیشتووی هەیە. شارەکە دەکەوێتە نزیک سنووری باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووانی شارەکە لە هەر دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەرین، بەڵام دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی شارەکە زیاتر لە دەست ئازەرییەکانە. خۆی شارێکی کۆن و مێژووییە و بە ناوەندێکی گرنگی شارستانییەت دادەنرێ لە رۆژهەڵاتی کوردستاند
 
کۆنیاش حەوتەمین شاری گەورەی تورکیا و ناوەندی پارێزگای کۆنیایە، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە، شارێکی گەشەسەندووی ئابووری و پیشەسازییە. بەهۆی بوونی مەزارگەی مەولانای جەلالەدین محەممەد بەلخی لەو شارە و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ساڵانەی یادکردنەوەی مەولا بە شارێکی عیرفانیش ناسراوە.
 
لە ساڵی 1931ـەوە نەریتی راگەیاندنی دوو شار وەکو دەستەخوشک داهێنراوە بە ئامانجی وەکو پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کولتووری، هاوئاهەنگیی ئابووری، پەیوەندی پەروەردەیی و زانستی و هاتووچۆی گەشتیاری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: لە بازگەیەک نەیانهێشت بچمە هەولێر

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "لە بازگەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگرییان لێکردم و نەیانهێشت داخیلی شاری هەولێر ببم."