رووداو دیجیتاڵ
ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. هەر ئەمشەو گەڕایەوە رۆژئاوای کوردستان و بە تەلەفۆنیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
ئەم سەردانەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی مەزڵووم عەبدی، دوای سەردانێکی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی هات بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵیدا، کە لەو کۆبوونەوەدا بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند.
'کورد بە یەکهەڵوێستی لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا رێکبکەون'
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە "پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە رێککەوتن."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە پیرمام، "سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد."
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا "بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."
لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: "هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە رێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و رێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."
بە هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی گەیشتە هەولێر و گەڕایەوە
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 شەڕی داعش بەرۆکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی گرت، ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، دوو جار سەردانی هەولێری کردووە و چەندجارێکیش چووەتە سلێمانی.
رووداو زانیویەتی، سەردانی ئەمجارەی بۆ هەولێر، بە هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی بووە و بە هەمان هێلیکۆپتەریش گەڕاوەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
ئەوەی کە زانراوە، مەزڵووم عەبدی تەنیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
بانگهێشتی مەزڵووم عەبدی بۆ هەولێر لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە
رۆژی 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، مەزڵووم عەبدی سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
"هەوڵێک لە ئارادایە بۆ کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان"
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "مەبەستمانە ئاسایش بۆ گەشت خەڵکی سووریا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵێک لە ئارادایە ئەو گوشارەی لەسەر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هەیە کەمتر بێتەوە و بتواندرێت بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بکەن، ئەویش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باش بۆ کورد."
'رۆژی هەستانەوەی رۆژئاوای کوردستان'
فارووق حاجی مستەفا، بەرپرسی گشتیی رێکخراوی بەرچاڤ و سیاستەڤان، لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ عەبدی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "سوپاس بۆ خوا کە جەنەراڵ مەزڵووم و سەرۆک کۆبوونەوە، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژێکی ئاسایی نییە و تایبەتە."
فارووق حاجی مستەفا گوتی: "ئەو رۆژەی سەرۆک بارزانی پێشمەرگەی نارد بۆ کۆبانێ، بووە رۆژی هەستانەوەی کۆبانێ، ئەمڕۆش کە لەگەڵ ژەنەراڵ عەبدی کۆبووەوە، بووە رۆژی هەستانەوەی رۆژئاوا."
لەبارەی دیدارەکەوە زیاتر گوتی: "دیداری ئەمڕۆ وا دەبینم کە چووینە قۆناخێکی دیکەوە، سەرۆک بارزانی ئەگەر نەگەیشتبێتە ئەنجامێک ئەو دیدارە ناکات، دوای ئەو دیدارە پێویستە هەموو لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان و جەنەراڵ مەزڵوومیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن."
گوتیشی: "ئەگەر لایەنەکان یەکنەگرن، ستەمە لە سەرۆک بارزانی و ناپاکییەکە لەگەڵ دۆزی خۆیان (کورد)."
نوێنەری رێڤەبەری خۆسەر لە لوبنان: کۆبوونەوەکە لە کاتێکی هەستیاردا بوو
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری رێڤەبەری خۆسەرە لە لوبنان، ئەو لەبارە سەردانەکەی ژەنەراڵ مەزڵووم بۆ هەولێر قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "کۆبوونەوەکە لە قۆناخێکی هەستیار و دیرۆکیدا بوو، هیوادارم ببێتە هەنگاوێک بۆ یەکڕیزی ماڵی کورد."
عەبدولسەلام ئەحمەد گوتیشی: "پێویستە کورد بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی وەلا بنێن و بەرژەوەندی میللەت بێننە پێشەوە، ئەمە مەسەلەی مان و نەمانە، چونکە سەرکەوتنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکەوتنی کوردە لە باشووریش و کاریگەریی پارچەکانی کوردستان لەسەر یەکدی دەبێت."
'هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ قامشلو و دەرگا کراوەیە'
نوێنەرەکەی رێڤەبەری خۆسەر لە لوبنان داوای سوود وەرگرتنی لە "هەڵەکانی رابردوو" کرد و گوتی: "با ئێمە هەڵەکانی رابردوومان دووبارە نەکەینەوە، ئەمڕۆ جەنگێکی جیهانی هەیە، وەک چۆن لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا کورد نەیتوانی هەلەکە بقۆزێتەوە و دابەشکرا، با ئەمجارە بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە بەرچاو و بیقۆزێتەوە."
لەبارەی حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی حیزبەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریاش گوتی: "دەبێ هەمووان بگەڕێنەوە قامشلو و پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، مەرجی سەرەکی بۆ کۆبوونەوەکانیش بەرژوەندیی میللەتە."
گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانم هیچ کەسێک لەوانەی کە دەڵێن لە رێڤەبەری خۆسەر دەستگیر دەکرێین، فەرمانی دەستگیرکردنیان نییە و دەرگا بۆ گەڕانەوەیان کراوەیەوە و ئەگەر بیانوو دەگرن ئەوە شتێکی دیکەیە. ئێستاش هەندێکیان لێرەن کاری سیاسیی خۆیان دەکەن و پارێزراویشن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ