رووداو - کەرکووک
پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن، گونده كاكه‌ییه‌كانی سنووری داقووقی له باشووری كه‌ركووك گرتووەته‌وه و له كۆی 10 گوند، هه‌شتیان چۆڵكراون و له هه‌ردوو گونده‌كه‌ی دیكه‌ش ته‌نیا 43 خێزانی كاكه‌یی تێدا ماون.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، 25 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب هێنراونه‌ته ناوچه كوردییه‌كانی كه‌ركووك و 13 هه‌زار خێزانیان به‌سه‌ر گونده‌كانی داقووقدا دابه‌شبوون و هه‌ندێكجار به‌ناوی داعش و هه‌ندێكجاریش بە هه‌ڕه‌شه و هێز، گوشاریان له‌سه‌ر كاكه‌ییه‌كان دروستکردووە تاوه‌كو ناوچەکانیان چۆڵبكه‌ن.
ئاوات كاكه‌یی، نووسه‌ر بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت "داعش له ناوچه‌كانمان جموجۆڵیان هه‌بوو، ئه‌مه هۆكارێك؛ دووه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه كوردین و كاكه‌یین، ئه‌مانه هۆكارن له‌وه‌ی نه‌ك له‌و سنووره كهمبووینەتهوه، بگره هه‌ر نه‌ماوین، ئێمه‌ی كاكه‌یی له ئاستێكی زۆر لاوازین له‌و سنووره و ئه‌وه‌ی زه‌وی له‌و سنووره هه‌یه ناتوانێ به ئاسانی كشتوكاڵ بكات، چونكه ناتوانێ به ئاسانی هاتووچۆ بكات و تووشی ده‌یان كێشه ده‌بیته‌وه تاوەکو ده‌گه‌یته سه‌ر زه‌وییه‌كانی خۆت".
گوندی كۆبانی له سنوری شارۆچكه‌ی داقووق، كاكه‌ییه، له دانیشتووانه‌كه‌ی چۆڵكراوه و چه‌ند خێزانێكی عه‌ره‌ب له شوێنه‌كانیان دانراون و داوای چۆڵكردنی گونده‌كانی تۆپزاوه و زهنقهڕیش ده‌كه‌ن.
283 هه‌زار دۆنم زه‌ویی كاكه‌یی له داقووق ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه. له‌و سنووره حه‌شدی شه‌عبی باڵاده‌سته و رێگە به كاكه‌ییه‌كان نادات بچنه سه‌ر زه‌وییه‌كانیان و به به‌رده‌وام ئۆپەراسیۆنی ئه‌منی ده‌كرێته سه‌ر ئه‌و دوو گونده‌ش كه هەندێک لە کاکەییەکان لێی ماون.
مه‌هدی كاكه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كشتوكاڵی كه‌ركووك ده‌ڵێ "له دووبز حه‌وت گوند بهعهرهبكراون و 15 هه‌زار دۆنم زه‌وییان پێ دراوه، پرۆسه‌كه له سنووری داقووق زۆر چڕ بووەته‌وه، به‌تایبه‌تی له سنووری گونده كاكه‌ییه‌كان و له کۆی 10 گوندی كاكه‌یی، هه‌شت گوندیان بهعهرهبكراون و دوانه‌كه‌ی دیكه‌شی خه‌ڵكێكی زۆری لێ رۆیشتووه و به هه‌زاران دۆنم زه‌وی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه".
بڕیاره سبه‌ی دووشه‌ممه، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی كه‌ركووك له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببێته‌وه و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتیش راپۆرتێكیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ته‌عریب و دۆخی كورد له سنووری كه‌ركووك ئاماده‌كردووه و داوای لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه.
مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، راپۆرتێكیان ئاماده‌كردووه و دراوه به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و دەڵێ "ئێستا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بۆ لێكۆڵینه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راپۆرته‌ی ئێمه، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك رێكخراوه و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌رانی هه‌موو پێكهاته‌كان و نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسی و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی تێدایه".
لە کەرکووک 30 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كورد، له داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كان له پۆسته‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه و له شوێنه‌كانیان 18 عه‌ره‌ب و 12 توركمان دانراون و زیاتر له 100 به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی به‌ش و یه‌كه له ده‌ستی كورد ده‌رهێنراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ