رووداو - هەولێر
مای فۆنگ یەکێکە لەو دوو هەزار و 270 هاووڵاتییە چینییەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، 10 ساڵە چێشتلێنەرە، ماوەی ساڵێکە لە کوردستان شێفی رێستۆرانتێکی چینییە، دەستێکی باڵای هەیە لە دروستکردنی چەندین خواردنی چینیی وەکو دومپلینگس، سویت سۆر چیکن و سیزلی بیڤ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بازاڕیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
مای فۆنگ، شێفی چینی دەڵێ "بەڵی، بازاڕمان باش نییە لەم رۆژانەدا، دابەزیوە بە رێژەی 75%، کەچی خۆت دەیبینی شتەکانمان خاوێن و نوێن، لەکاتێکدا هەموو ژەمەکانمان لێرە دروستدەکرێن".
ژەمە سەرەکییەکانی چین زیاتر گیانداری ئاوی، تیژ یان نیمچە کوڵاون؛ رزگار، گەنجێکی شاری هەولێرە و سێ ساڵە لە رێگەی هاوڕێ چینییەکانیەوە ئاشنای چێشتخانە و ژەمەخۆراکی چینی بووە، ئەو پێیوایە ئەم خواردنانە بە کەرەستە و بەرهەمی نێوخۆیی سازدەکرێن و هیچ مەترسیی نییە.
جۆنەلینگ وانگ چوار ساڵە خواردنگەیەکی چێنی لە هەولێر بەڕێوەدەبات، داوادەکات دوودڵ نەبن لە تاقیکردنەوەی خواردنی چینی، چونکە پێکهاتەی خواردنەکان هەمووی لە کوردستانە، ئەمە لەکاتێکدایە 60%ی بازاڕیان کەمیکردووە بەهۆی کەمیی سەردانیکەر لەبەر ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
جۆنەلینگ وانگ، بەڕێوەبەری رێستۆرانتی تانگ گوتی "بەداخەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە 60%ی میوانەکانمان لەدەستداوە، بەڵام ئێمە هێشتا لێرەین و دوودڵ نەبن لەبەر ئەم ڤایرۆسە، چونکە سەرجەم پێداویستییەکانمان لە کوردستانن".
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناسراوە بە کۆڤێت 19، لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا لە شاری ووهان لە چین بڵاوبوویەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 هەزار کەس تووشی بوون، نۆ هەزار و 800 کەس چارەسەریان وەرگرتووە و هەزار و 700 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ