رووداو دیجیتاڵ
دوای نۆ کاژێر دەستگیرکردنیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و نزیکەی 19 ئەندامی دیکەی حیزبەکە ئازاد کران.
کاژێر 10:30ـی نیوەڕی رۆژی پێنجشەممە 15-02-2024، تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و نزیکەی 19 ئەندامیان لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی لەکاتێکدا ویستوویان خۆپێشاندان بکەن، دەستگیرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو سەرجەمیان ئازاد کراون.
دوێنێ ئاسایشی سلێمانی رێگرییان لەو ناڕەزاییە کردووە کە حیزبەکە ویستبووی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان بیکات، دوای ئەوەی تەڤگەری ئازادیی سووربوون لەسەر بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکەیان، زۆرینەیان دەستگیرکراون.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی فەرمیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە.
پارتەکە بەشێوەی سیستمی هاوسەرۆکی بەڕێوەدەبرێت و هەریەکە لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەن.
دوای دەستگیرکردنی و هاوسەرۆک و ئەندامەکانیان، (دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "جێگەی داخ و شەرمەزارییە دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، بە زەبری ھێز رێگرییان لەو رێپێوانەکرد."
تەڤگەری ئازادی "بەتووندیی رەخنە"ـی لەو ھەڵسوکەوتەی ھێزە ئەمنییەکان گرتبوو و داوای کردبوو، ھاوسەرۆک و ئەندام و لایەنەگرانیان ئازاد بکرێن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەدا 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە. ساڵانە لەو رۆژەدا ئەندام لایەنگرانی پەکەکە و ئەوانەی لێیانەوە نزیکن چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن. دوێنێش لەو چوارچێوەیەدا تەڤگەری ئازادیی ویستی خۆپێشاندان بکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی 1949 لەدایکبووە، ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراندووە و لە ساڵی 1984ـەوە شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاندووە.
ئۆجەلان رۆژی 29ـی حوزەیرانی 1999 دادگایی کرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. لە ئابی 2002 تورکیا سزای لە سێدارەدانی لە وڵاتەکەی نەهێشت، بۆیە سزای ئۆجەلانیش گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ