شارەوانیی کەسنەزان: 340 سەگ براونەتە شێڵتەر

16-02-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان رایدەگەیێنێت، پار بەهای نزیکەی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنوورەکەدا جێبەجێکردووە. دەشڵێت، "چوار هەڵمەتیان بۆ کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا کردووە و نزیکەی 340 سەگ براونەتە شێڵتەر."
 
عەلی رەشاد، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و کێشە و گرفتەکانی سنووری شارەوانییەکەیانی کرد و گوتی، پار لە زۆرینەی گەڕەکەکان پرۆژەی خزمەتگوزارییان هەبووە، لەوانە؛ گەڕەکەکانی حەسەن ئاوا، قەرەبوو، خۆڕاگر، 11ی ئازار و کەمئەندامان پرۆژەیان بۆ جێبەجێ کراوە.
 
گوتیشی، بەهای ئەو پرۆژانە ملیارێک و 200 ملیۆن دینار بووە، بەشێوەیەک پرۆژەکان جۆراوجۆربوون، رێگەسازی، تۆڕی ئاوەڕۆ و شۆستە بوون. 
 
لەبارەی ئەو گەڕەکانەی کە تاوەکو ئێستا پێویستان بە خزمەتگوزاری هەیە و وەکو پێویست خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان دەڵیت: "هێشتا گەڕەکەکانی 11ی ئازار، خۆڕاگر و حەسەن ئاوا پێویستی زیاتریان بە خزمەتگوزاری هەیە و دەرخستەیان بۆکراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ بکرێت."
 
ناوچەی پیشەسازیی کەسنەزان کە رووبەرەکەی زیاتر لە 608 دۆنمە، پار حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا خزمەتگوزاریی شەقام و ئاوەڕۆی لولەیی و سندووقی بۆ ناوچە پێشەسازییەکە جێبەجێ بکرێت.
 
عەلی رەشاد دەڵێت: "ساڵی رابردوو حکومەت رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی 7.5 ملیار دینار بۆ ناوچەی پیشەسازیی کەسنەزان. بۆ قیرتاوکردن و دروستکردنی ئاوەڕۆی لولەیی و سندووقی، پرۆژەکە بانگەوازی بۆکراوە بۆ ئەوەی بدرێتە تەندەر و بخرێتەواری جێبەجیکردنەوە."
 
لەبارەی هەنگاوەکانی شارەوانی کەسنەزان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان گوتی: "بۆ دابەشکردنی زەوی، رووپێوی درۆنی کراوە و نەخشەی کەرتی ئامادەکراوە، لەگەڵ نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر کاری لەسەر کراوە."
 
گوتیشی، بۆ مۆڵەتی زەویی سندوویش لە ماوەی رابردوودا 169 مامەڵەی هاونیشتمانییان نووسراویان بۆکراوە، 94 یان پەسەندکراون و دەستکراوە بە دروستکردنی خانووەکانیان، ئەوانی دیکە بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان کاریان بۆ دەکرێت.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە کەسنەزان پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، "سەگی بەرەڵا و بێلانە لەنێو گەڕەکەکان زۆربوون."
 
عەلی رەشاد ئامەژی بەوەکرد، "لەماوەی رابردوودا چوار جار هەڵمەت کراوە و نزیکەی 340 سەگ کۆکراونتەوە و براونەتە شێڵتەر."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی پەیام و باوکی، لەگەڵ ئەوانەی بەخشینی ئەندامانی جەستە ژیانی بۆ گەڕاندوونەتەوە

بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە

چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".