رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەتۆمەتی دزینی ژمارەیەک مەڕوماڵات مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، "چوار مەڕیان دزیوە."
رۆژی یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە چەند سەر ئاژەڵێكی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن."
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، "تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە كە ژمارەیەک ئاژەڵیان دزیوە و گۆشتەكەیان فرۆشتووە."
تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك پارەدا كە بەتۆمەتباران بووە."
هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم سێ تۆمەتبارە بۆ ماوەی دوو مانگ چەند دزییەکیان لە کەسێک کردووە کە ئاژەڵی بەخێوکردووە، خاوەنی ئاژەڵەکان کە هەستی کردووە مەڕەکانی کەم بوونەتەوە سکاڵای کردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "دوای لێکۆڵینەوە، لە کاتی تاوانەکەدا دەستگیرکران."
ئەو سێ تۆمەتبارە بە ناوەکانی (ژ، ئـ، م) تەمەن 22 ساڵ، (هـ، س، ی) تەمەن 24 ساڵ و (ب، ب، ر) تەمەن 30 ساڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ