مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی کیمیاباران بکاتەوە

16-03-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 34ـەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەرکی حکومەتە خزمەتی ئەو شارە و خەڵکەکەی بکات. هاوکات پێویستە حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیاباران بگرێتە ئەستۆ. 
 
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، ئەگەرچی چەند ساڵێکە هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە پارێزگا، "بەڵام بەداخەوە تائێستاش، حکومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکات و رێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت."
 
حکومەتی هەرێمی كوردستان، وەکو مەسرور بارزانی ئاماژەی پێکردووە، "خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات."
 
دوایین رۆژەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق - ئێران بوو، بەیانیی 16ـی ئاداری 1988 دیمەنی کیمیابارانی هەڵەبجە و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، کوردستان و جیهانی هەژاند.
 
ئەو رۆژە فڕۆکەکانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق، هەڵەبجەیان بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا پێنج هەزار منداڵ، ژن، گەنج و پیر دەستبەجێ شەهیدبوون. 10 هەزاری دیکەش تووشی نەخۆشیی و کێشەی تەندروستیی درێژخایەنی وەکو لەدەستدانی بینایی و ئەندامانی جەستە و سووتانی پێست بوون و لە ساڵانی دواتردا بەشێکیان گیانیان لەدەستدا.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی 132ـی دەستوور قەرەبوویان بکاتەوە. رێز لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجە بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەشی هاووڵاتییانی بەشمەینەتی ئەم شارە ئازیزەمان بکرێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەکات "لە زووترین کاتدا" رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکات و "چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت." لە هەمانکاتدا ئەوەش دەڵێت کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکهاتەی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە بە هێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا

گەنجترین سەرۆکوەزیرانی ئەورووپا پشتیوانی کوردە

سێ هەفتەیە لە هۆڵەندا حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکوەزیرایەتیی (رۆب یێتن) دەستبەکار بووە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.