سەعدی پیرە لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی: بۆ تەواوکردنی بابەتە یەکلانەبووەوەکانە

16-03-2025
سۆران حوسێن
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، گرافیک: رووداو
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، گرافیک: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت یەکلایی نەکراونەتەوە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
 
سەعید ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنی ئەو بابەتانەیە کە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا یەکلایی نەکراونەتەوە." 
 
پێشتر لە رێگەی لیژنەوە، پارتی و یەکێتی چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها باس لە خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان".
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە