لەگەڵ رەنج؛ خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە؟

16-03-2025
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ بووەتە هۆی ‏ئەوەی دەرچووانی بەشە پیشەییەکان بەهۆی خوێندنەکەیان کاریان دەست ‏بکەوێت لە قۆناخەکانی ئامادەیی ‌و پەیمانگا‌و زانکۆکان؟ ئەوە پرسیاری ‏سەرەکیی بەرنامەکە بوو، وەڵامی سەرجەم میوانەکانی ئەم بەرنامەیە ‏بەشێوەیەکی گشتی نەخێر بوو.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی ‏حکومەتی هەرێمی کوردستان کە میوانی بەرنامەکەیە لە پێناو بووژانەوەی ‏پیشە لە هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات دەزگایەکی تایبەت بە پیشە لە ‏کوردستاندا هەبێت و دەڵێت: "بە بوونی ئەو دەزگایە زۆر شت دەگۆڕێت".‏
 
بەبڕوای ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانی حەفتا بۆ نێوەڕاستی ‏هەشتاکان سەردەمی زێڕینی خوێندنی پیشەیی بووە لە کوردستاندا.  ئەو ‏گوتیشی: "هەرچەندە لە کابینەی پێنجی حکومەت ئاوڕێک لە خوێندنی ‏پیشەیی دراوەیەوە کۆنفرانسێکیش بۆ بەسترا، بەڵام شتێکی وەها نەگۆڕاوە ‏لە 2021یشدا پڕۆژەی ستراتیژی خوێندنی پیشەیی لە رێگای وەزارەتی ‏پەروەردە درایە ئەنجوومەنی وەزیرانە ئەوانیش وەڵامیان نەبووە".‏
 
خاوەنی کارگەیەکی کەرتی تایبەت، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوێکی ‏تایبەتە بە ئیش ‌و کار، میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە ئەو بۆچوونی وایە ‏بەمەرجی ئەوەی کارامییان هەبێت، دەتوانن لە کەرتی تایبەت بەرێژەی ‏‏100% هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە پیشەییەکان بڕەخسێنن.
 
مامۆستایەکی زانکۆی بەشداربووی بەرنامەکەش ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی  ‏بێکارە لەنێو گەنجان سەروو25%. ئەو دەشڵێت: "رەخساندنی هەلی کار ‏یەکێکە لە سوودەکانی خوێندنی پیشەیی، بەڵام چالاک بوونی خوێندنی ‏پیشەیی سوودی دیکەشی هەیە". لەبەرنامەکەدا باس لە سوودەکانی دیکەی ‏دەکات.‏
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە بەپێویستی دەزانێ‌ پڕۆگرامەکانی خوێندنی پیشەیی ‏نوێ‌ بکرێنەوە، چونکە پڕۆگرامەکان هی ساڵانی حەفتا‌ و هەشتاکانن.‏
 
قوتابییەکی پەیمانگاش باس لەوە دەکات ئەگەر هەلی کار نەبێت، ئەو هەموو ‏پەیمانگا پیشەییە لە هەرێمی کوردستاندا پێویست نییە. ئەو قوتابیە دەڵێت: ‏"لە جیاتی کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی پێویستە سەرمایەداران کارگە ‏بکەنەوە". دواجار بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە هیوای خواست ‏کابینەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواو بە خوێندنی ‏پیشەیی بدات.‏
 
سەردەمی زێڕینی خوێندنی پیشەیی
 
‏"ساڵانی حەفتا بۆ نێوەڕاستی هەشتاکان سەردەمی زێڕینی خوێندنی ‏پیشەیی بووە". ئەحمەد گەل، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی پیشەیی ‏لە ‏‏وەزارەتی ‏‏پەروەردە بەو جۆرە دەستی بە قسەکانی کرد لەم بەرنامەیەدا، ‏بەبۆچوونی ئەحمەد گەل، لە دوای ساڵانی نەوەتەکان خوێندن لە هەرێمی ‏کوردستان بەگشتی پاشەکشەی کردوە، بەڵام خوێندنی پیشەیی بە ‏ئاستێکی خراپتر ئەو دەڵێت: "لە ناوەڕاستی هەشتاکان تاوەکو نەوەتەکان ‏هەنگاو بەهەنگاو خوێندنی پیشەیی پاشەکەشی کردووە".‏
 
 
ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە پێشتر سیستەمی خوێندنی پیشەیی هەر ‏نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر دەستی ئەو ‌و بەشێک لە هاوکارەکانی لە وەزارەتی ‏پەروەردە بە ماوەی ساڵێک دانراوە. ئەو گوتی: "لە یاسای وەزارەتی پەروەردەش گرنگی زۆرمان بە خوێندنی ‏پیشەیی داوە". بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی ‏کوردستان لە 41 ئامادەیی پیشەی نزیکەی نۆ هەزار قوتابی هەیە. ئەحمەد ‏گەل دەشڵێت: "هەر وڵاتێک ئابوورییەکەی داڕووخابوو، بزانە گرنگی بە ‏خوێندنی پیشەیی نەداوە". ‏
پلانێکی باش بۆ ژیانەوەی خوێندنی پیشەیی
 
بەبڕوای ئەحمەد گەل، خوێندنی پیشەیی ئێستا زۆر لاوازە ‌و تەنیا ئەوەیە ‏نەکەوتووە ‌و دۆخەکەش بەپینەوپەڕۆکردن چارەسەر نابێت هەر بۆیە لە ‏ساڵانی 2011 ‌و2012‌و2013دا پلانێکی ستراتیژی بۆ پێشکەوتنی ‏خوێندنی پیشەیی دانراوە ئەوەش پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەیی بووە کە ‏خوێندکار لە کاتی خوێندنەکەی هەم دەخوێنێ‌ ‌و هەم کاریش دەکات.
 
هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە جگە لە پڕۆژەی ‏کۆمەڵگای پیشەیی لە 2021دا پڕۆژەی ستراتیژی خوێندنی پیشەیی ‏دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامی ئەوەش نەدراوەتەوە.  ئەحمەد ‏گەل دەڵێت: "ئەگەر کار بە پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەیی بکرایە ئەوا ‏گەورەترین گۆڕانکاری لە خوێندنی پیشەیی دروست دەبوو بەجۆرێک لە ‏ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵدا کێشەی خوێندنی پیشەیی نەدەما".‏
 
ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە زیاتر لە دە ساڵە کار بۆ بووژانەوەی ‏خوێندنی پیشەیی دەکەن، بەڵام دەنگیان بەباشی نەگەیشتووە، هەر بۆیە ‏هیواخواست لە رێگای ئەم بەرنامەیەوە دەنگیان بە باشی بگات. ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە کە پلانی کۆمەڵگای پیشەییان دانا 31 ‏پسپۆڕی خوێندنی پیشەییان تێدا جێگیرکرد ‌و هەموو ئەو پیشەیانەشیان بە ‏بازاڕی کار بەستۆتەوە. ئەو گوتی: "ئەو کۆمەڵگا پیشەییانە جێگای 10هەزار ‏قوتابی تێدا دەبووە، ساڵی دوومی خوێندن دەبووە بازاڕ قوتابی تێدا ‏سوودمەندی دارایش دەبوو، بوونی شەڕی داعیش  لە ساڵی 2014دا ‏هۆکارێکی راوەستانی پڕۆژەکە بوو".‏
 
'وەک ئەڵمانیا ‌و ئێران ‌و سویسرای لێبکەن'
 
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئەحمەد گەل ئاماژە بەوەش دەکات ساڵانە ‏وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک دەرچووی زۆر دەنێرێتە بازاڕێکی بێکارەوە.
 
کە ساڵانە نزیکەی 50 هەزار دەرچوویەک دەبێت، بەهۆی ئەوەی دامەزراندن ‏لە کەرتی حکومی زیاتر لە 10 ساڵە وەستاوە، ژمارەی دەرچوونی زانکۆکە ‏ئێستا بێکارن دەگاتە 600 بۆ 700 هەزار دەرچووی بێکار.  ئەحمەد گەل ‏دەڵێت: "ئەگەر کێشەی خوێندنی پیشەیی چارەسەر بوو کێشەی خوێندنی ‏باڵاش چارەسەر دەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو هەموو قوتابییە ناچێتە ‏زانکۆ لە خوێندنی پیشەیی دەخوێنێ‌‌ و کاریشی دەست دەکەوێت، کورتەی ‏قسەکە ئەوەیە هۆکاری زۆری دەرچووی بێکار پشتگوێ‌ خستنی خوێندنی ‏پیشەییە".‏
 
ئەحمەد گەل باس لەوەش دەکات ئەگەر خوێندنی پیشەیی وەک ئەڵمانیا ‌و ‏ئێران ‌و سویسرا گرنگی پێبدرایە دۆخی هەرێمی کوردستان ئێستا جۆرێکی ‏دیکە دەبوو. ئەو گوتی: "هەر ئێران کە وڵاتێکی دراوسێمانە خوێندنی پیشەیی ‏‏50% یە ئەگەر وەکو ئەوان کار لە خوێندنی پیشەیدا بکەین ئابوورییەکەمان ‏زۆر پێشدەکەوێت".‏
 
لەجیاتی سێ‌ ساڵی خوێندنی پیشەیی وەزارەتی پەروەردە پەنای بردووەتە بەر ‏پێنج ساڵی خوێندنی پیشەیی لە پەیمانگادا. ئەحمەد گەل لەوبارەیەوە گوتی: ‏‏"چەند پەیمانگایەکمان بە زمانی ئیگلیزی بۆ خوێندنی پیشەیی کردووەتەوە ‏ئێستا قوتابی بۆ ماوەی پێنج ساڵ خوێندنی پیشەیی لە بەشەکانی ‏بازارگانی، کۆمپیوتەر، گەشتیاری دەخوێنی".‏
 
ئەحمەد گەل جەخت لەوە دەکاتەوە چارەسەری خوێندنی پیشەیی بە گوتار ‏‌و بەقسە ناکرێت. ئەو دەڵێت: "هەر بەرپرسێک دەبینی بەقسە پشتیوانی ‏خوێندنی پیشەیی دەکات، بەڵام بە کردار هیچ ناکرێت هەر بەنموونە پڕۆژەی ‏ستراتیژی خوێندنی پیشەیی لە 2021وە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە وەڵامان ‏نەدراوەتەوە".‏
 
'ئەو هەموو بێکارە مەترسییە لەسەر ئەم وڵاتە'
 
ساڵانە دەرچوویەکی زۆری زانکۆ ‌و پەیمانگاکان دەخرێتە بازاڕی کارەوە ‏بەبێ‌ ئەوە دەرفەتی کاریان بۆ دروست بکرێت وەک لە کەرتی حکومی ‏دامەزاندن نییە. لە کەرتی تایبەتیش دەرفەتی کار زۆرنییە یاخود ‏دەرچووەکان کارامییان لەئاستی داواکاری بازاڕدا نییە، ئەحمەد گەل ئەوە ‏بە مەترسی ناو دەبات و دەڵێت: "ئەو هەمووە دەرچووە بێکارە مەترسییە ‏لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە". ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی ‏نیگەران کردووە ئەوەیە، داواکاری لەسەر کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی زۆر ‏نییە، لە کاتێکدا بۆ کردنەوەی پەیمانگای وەرزشی بەو جۆرە نییە ‌و ‏داواکاری زۆرە.‏
 
ئەحمەد گەل بەپێویستی دەزانێ‌ گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندنی پیشەیی ‏دروست بێت، چونکە کۆنیی پڕۆگرامەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی قوتابی زۆر فێر ‏نەبێت. ئەو دەڵێت: "کەسێک کە لە دووکانێک شاگردە ئاستی فێربوونی ‏بەرزترە لە خوێندکارێکی خوێندنی پیشەیی، هەر بۆیە لەنێو پڕۆژەی ‏کۆمەڵگای پیشەییەکاندا گۆڕینی پڕۆگرامەکانیش هەبوو".‏
 
لەبارەی ئەوەی ئەوانەی دەچنە خوێندنی پیشەیی فێری زمان بەتایبەت ‏فێری زمانی ئینگلیزی ناکرێن ئەحمەد گەل گوتی: "فێربوونی زمان بە راهێنان ‏‌و بینینی خول دەبێت نەک بە تەنیا بە خوێندن، بۆیە دەبێت قوتابییەکە ‏خۆشی هەوڵێک بدات".‏
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای دەکات چارەسەرێکی کاتییان بۆ ‏خوێندنی پیشەیی دۆزیوەتەوە. 41 ئامادەییە پیشەیەکەیان کردووەتە 10 ‏کۆمەڵگای پیشەیی. ئەویش ئەوەیە کە ئامادەییە پیشەییەکان تێکەڵاو دەکەن. ‏ئەو گوتی: "کشتوکاڵییەکان دەکەینە یەک ‌و بازرگانی ‌و پیشەسازییەکانیش ‏بە هەمان شێوە".‏
 
ئەحمەد گەل دەخوازێ‌ لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ‏گرنگی تەواو بە خوێندنی پیشەیی بدرێت، ئەوان حکومەتی عێراقیشیان لە ‏یاد نەکردووە. بەهاوکاریی هەندێ‌ رێکخراو بە راپۆرتێکی چارەسەرییان ‏لەبارەی کێشەی خوێندنی پیشەیی داوەتە حکومەتی عێراق، بەڵام هێشتا ‏وەڵام نەدراونەتەوە لە کۆتایی قسەکانی ئەحمەد گەل ئاماژە بەوەش دەکات  ‏پێویستە دەزگایەکی تایبەت بە پیشە لە کوردستاندا هەبێت: "بە بوونی ئەو ‏دەزگایە زۆر شت دەگۆڕێت".‏
 
رێژەی بێکاری لەنێو گەنجان سەروو 25% ‏
 
‏"گەورەترین کێشەی ئەم وڵاتە بێکارەییە، بەتایبەت لەنێو گەنجان". زانیار ‏جەبار، مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ‏هەولێر وەک یەکێک لە ‏میوانەکانی بەرنامەکە ئەو قسەی کرد ‌و جەختی لەوەش کردەوە کە لە هەرێمی ‏کوردستان خوێندنی پیشەیی شکستی هێناوە، بەتایبەت لەدابینکردنی توانای ‏پێویست بۆ بازاڕی کار. ئەو دەڵێت: "لە کوردستان ‌و عێراقیش رێژەی بێکاری ‏لە نێو گەنجان سەروو 25%ـە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای غەززە رێژەی ‏بێکاری لە کوردستان ‌و عێراق زۆر بەرزە". 
 
زانیار جەبار باس لەوەش دەکات ‏نابێت حکومەت بەشێک بکاتەوە کە بزانێ‌ خوێندکاری دەرچوو کاری ‏دەست ناکەوێت. ئەو گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەرچووانی ‏پیشەیی دەڵێت بڕۆنە کەرتی تایبەت، کەرتی تایبەتیش پێیان دەڵێت ‏قوتابییەکان بۆ بازاڕی کار ئامادە نەکراون". ئەو مامۆستایەی زانکۆی پۆلیتەکنیک ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەڵمانیا ‌و ئەمریکا ‌و وڵاتانی ئەسکەنداناڤیش ‏گرنگییەکی زۆریان بە خوێندنی پیشەیی داوە ‌و سەرکەوتووش بوون. 
گوتیشی: "لە ئەڵمانیا 400 هەزار کۆمپانیا رۆڵ دەبینن لە پێدانی زانیاری بە ‏حکومەت لەسەر پێداویستییەکانی بازاڕی کار". سەبارەت بە رۆڵی زانکۆ ‏پۆلی تەکنیکییەکانیش، بۆچوونی وابوو کە تاوەکو رادەیەک قوتابییەکانی ‏نزیکن لە بازاڕی کارەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی داواکاری بازاڕدا نین. 
 ‏
زانیار جەبار، هێما بەوەش دەکات پڕۆگرامی خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی ‏کوردستان هی ساڵانی حەفتا‌ و هەشتاکانە بۆیە پێویستی بە نوێکردنەوە ‏هەیە: "پێویستە خێزانەکان واز لەوە بێنن کە رۆڵەکانیان تەنیا ‏بڕوانامەیەکیان هەبێت، دەبێت لە خەمی ئەوەدابن بە خوێندنەکەیان ‏پیشەیەکیان دەست بکەوێت". 
 
گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی تەنیا ئەوە ‏نییە هەلی کار بۆ دەرچوونی بڕەخسێنێ‌، بەڵکو سوودی دیکەشی زۆرە: "لەوانە ‏هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵات ‌و گرنگیدانە بە کارسازییە جۆرا‌وجۆرەکان، ‏دەبێت ئەوەش روون بێت، گەشەی ئابووری لە رێگای گرنگی پێدان بە ‏خوێندنی پیشەیی دروست دەبێت". لە کۆتایی قسەکانی زانیار جەبار ‏جەختی کردوە لەوەی ئەو وڵاتانەی لە رووی ئابوورییەوە پێشکەوتوون، ‏گرنگییەکی زۆریان بە خوێندنی پیشەیی داوە.‏
 
‏"دەتوانین 100% هەلی کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنین"‏
 
شوان باتاسی، سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی ‏کوردستان یەکێکی دیکە بوو لە ‏میوانەکانی بەرنامەکە، ئەو کە رێکخراوەکەی 2500 ئەندامی هەیە، باسی ‏لەوە کرد لە کەرتی تایبەت دەتوانن 100% هەلی کار بۆ دەرچووان ‏بڕەخسێنین، "بەمەرجێک کارامەییان هەبێت".‏
 
شوان باتاسی ئەوە ناشارێتەوە کە ئەوانەی لە خوێندنی پیشەییەوە دێنە ‏بازاڕی کارەوە "بە دڵی ئێمە نین،" بەڵام  بەبینینی خولێک لەلای ئەوان بەکەڵکی ‏کار دێن. ئەو گوتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت ‏ناچار بکات دەرچوونی پیشەیی لە شوێنەکانیان کار بکەن".‏
 
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی ‏کوردستان لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی ئەو رێکخراوەیە، هاوکات خاوەنی ‏کارگەیەکی دۆشاوی تەماتەشە. هەر بۆیە لە بەشێکی بەرنامەکەدا وەک خاوەن ‏کارگەیەک قسەی کرد و گوتی: "وەک کارگەی خۆمان بەرهەم بۆ دەرەوە ‏دەنێرین چونکە لە نێوخۆدا بازاڕمان کەمە".‏
 
شوان باتاسی ئەوە ناشارێتەوە کە وەکو کارگەکان ناتوانن کێبڕکێ‌ لەگەڵ ‏بەرهەمی دەرەکی بکەن چونکە پشتیوانییان کەمە. ئەو گوتیشی: "وڵاتانی ‏چواردەوریشمان هۆکارن بۆ ئەوەی بەرهەمی نێوخۆمان کەم بێت ‌و وەک ‏پێویست نەبێت". کاتێک دێتە سەر باسی کارگەکەی خۆی شانازی بەوە ‏دەکات پێنج بۆ شەش هەزار کەس راستەوخۆ ‌و ناڕاستەوخۆ کاریان ‏بەهۆیەوە دەستکەوتووە ئەگەر گرنگی زیاتریشیان پێبدرێت ‌و ‏بەرهەمەکانیان لەلایەن لایەنێکی حکومی لێ بکڕدرێتەوە، ئەوا بەرهەمیان زیاتر ‏دەبێت بەو جۆرەش خەڵکی زیاتر دەخەنە سەرکار.
 
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی ‏کوردستان گوتی: ‏‏"بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو دەزانن ئەو خۆراکەی لە رێگای کۆبۆنەوە ‏دابەش دەکرێت 90٪ی زۆر خراپە هەر بۆیە داوام کردووە دۆشاوی بەشە ‏خۆراکی کوردستان هی کارگەکەی ئێمە بێت، بەڵام رازی نەبوون".‏
 
شوان باتاسی رەخنەی ئەوەشی لە بەشێک لە قوتابیان هەبوو کاتێک بۆ ‏بینینی خولی هاوینە دەنێردرێنە کارگەیەک وەکو پێویست پابەندی خولەکە ‏نابن بۆیە کەمترین شت فێردەبن. ئەو گوتی: "بەشێک لە قوتابیان خولی ‏فێربوونی هاوینەش ناکەن خۆیان دەدزنەوە، بەڵام وەک کارگەکەی خۆم ‏ئەوەم قبووڵ نەکردووە لەگەڵ ئەوەی کارم پێکردوون مووچەیەکی کەمیشم ‏پێداون. ‏
 
‏‏"پێش ئەوەی تووشبین ئەمریکا پێی گوتین"‏
 
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی ‏کوردستان باس لەوە دەکات 15 ساڵ پێش ‏ئەوەی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری ببێت، لە ئەمریکا بە ‏ئەوانیان راگەیاندووە کە شتێکی وەها روودەدا.‏
 
شوان باتاسی ئاشکرای دەکات وەک رێکخراوەکەی خۆیان لە 2011دا چارەسەری کێشە ئابوورییەکانیان بە راپۆرتێک داوەتە هەموو وەزیرەکان ئەو ‏کاتە، بەڵام بە قسەیان نەکراوە. ئەو گوتیشی: "کاتێک بۆ بەشداری خولێک ‏دەچینە دەرەوەی وڵات کە دەگەڕێینەوە هیچ کەسێک لێمان ناپرسێتەوە چی ‏نوێ‌ بۆ ئەم وڵاتە فێربوون."‏
 
ئەو گلەیی لە کارەکانی وەزارەتی پلاندانانیش هەیە کە وەکو پێویست کاری ‏خۆیان ناکەن ‌و گوتی: "ئەبێت وەزارەتی پلاندان ‌و دەستەی وەبەرهێنان، ‏بەردەوام پلانیان هەبێت لە چ بوارێکدا ئێمە کەمیمان هەیە پڕبکەنەوە".‏
 
شوان باتاسی، لەوەش نیگەران بوو کە ژمارەیەکی زۆری کارگە لە کوردساندا ‏داخراوە ‌و گوتیشی: "لە هەولێر کارگەی قوماشمان هەبوو کێبڕکێی لەگەڵ ‏قوماشی بەریتانی دەکرد، کەچی داخرا".‏
 
'لەجیاتی پەیمانگا کارگە بکەنەوە'
 
لە بەرنامەکەدا بەشێک لە قوتابیانی پەیمانگایەکی پیشەیی بەشداربوون؛ ‏ئەوانیش بە کۆمەڵێک پرسیار‌ و سەرنج گفتوگۆکەیان دەوڵەمەندتر کرد. ‏بەشێوەیەکی گشتی قوتابییەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە هەرێمی ‏کوردستان خوێندنی پیشەیی پشتگوێ خراوە.
 
قوتابییەک گوتی: "ئەگەر هەلی ‏کارمان دەست نەکەوێت ئەو هەموو پەیمانگا پیشەیانەمان بۆ چییە؟" دواتر ‏قوتابییەک پێشنیازی ئەوەی کرد لە جیاتی ئەو هەموو پەیمانگا پیشەییە بێ‌ ‏بەرهەمە بۆچی کارگەی  بەرهەمدار ناکرێتەوە. ئەو قوتابییە گوتی: "لە جیاتی ‏کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی پێویستە سەرمایەداران کارگە بکەنەوە".‏
 
بەشێکی دیکەی قوتابیان لەوە نیگەران بوون کە خاوەن کارگە‌ و کۆمپانیاکان ‏داوای ئەوەیان لێدەکەن زمانێکی دیکە بزانن بەتایبەت عەرەبی ‌و ئینگلیزی. ‏هەروەک قوتابییەک گوتی: "چەندین کۆمپانیا هەیە دەڵێن خۆمان فێری ‏کارت دەکەین، بەڵام دەبێت زمان بزانی".‏
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە