رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا دەڵێت، "تێپەڕبوونی کات ناتوانێت لە قێزەونیی تاوانی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە و داواکارییە رەواکانی کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانەکە کەم بکاتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، پەیامێکی بە زمانی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، "37 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە کرانە ئامانجی بۆردوومانێکی کیمیایی کە بە هاوکاری تەکنیکی و تەکنەلۆژیای ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی بەرهەم هێنرابوو. دەیان هەزار کەسی بێتاوان لەم تاوانە جەنگییە ترسناکەدا گیانیان لەدەستدا یان تووشی برینداربوونی هەمیشەیی و بە ئازار بوون."
ئیسماعیل بەقایی دەڵێت، "ئێرانییەکان و بەتایبەت خەڵکی شاری سەردەشت و بەشێکی زۆر لە سەرباز و خەڵکی سڤیلی ئەو وڵاتە کە لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر، بە دڵ لە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگەن."
هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە، "راستی و دادپەروەری، داواکاریی رەوا و هەمیشەیی رزگاربووانی قوربانییانی چەکی کیمیاییە کە رژێمی پێشووی عێراق بەکاری هێناوە. تێپەڕبوونی کات ناتوانێت لە قێزەونیی ئەم تاوانە و داواکاری بۆ راستی و دادپەروەری کەم بکاتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، "تاوەکو ئەو کاتەی وڵاتانی ئەورووپی بەشدار لە دابینکردن و پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق، رەتی بکەنەوە 'راستییەکان' بڵێن و بەرپرسیارێتی خۆیان قبوڵ نەکەن، بانگەشەکانیان بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا جێی متمانە نییە."
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ