بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک: هاووڵاتییان لەرێگەی ئەپێکەوە لە هاتنی بەشەخۆراکی مانگانە ئاگادار دەکرێنەوە

16-04-2023
پەیمان محەممەد
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک میوانی بەرنامەی نووڕۆژ بوو
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک میوانی بەرنامەی نووڕۆژ بوو
نیشانەکردن بەشەخۆراک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەدیجیتاڵیکردنی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆکیش دەڵێت، پرۆسەی دەرهێنانی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی زۆر خێرایە و (ئاسانکاریی زۆری تێدایە کە) بەهۆیەوە هاووڵاتییان لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە لە هاتنی بەشە خۆراکی مانگانە ئاگادار دەکرێنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 16-04-2023، حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە جەعفەر موبەشیرنیا و نمە نەبەز پێشکێشی دەکەن و لەبارەی بەدیجیتاڵیکردنی پسوولەی خۆراک رایگەیاند، زۆر لە فەرمانگەکان بە سیستمی ئەلیکترۆنی کار دەکەن، بەڵام هاووڵاتییان دەبێ بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی فەرمانگەکان بکەن، ئەوە لەکاتێکدایە لە رێگەی ئەم سیستمەوە دەکرێت لە ماڵەوە پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی دەربهێنن و پێویست بە سەردانی فەرمانگە ناکات.
 
پڕۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی پسوولەی خۆراک لە عێراق لە نەجەف تەواو بووە و لە هەرێمی کوردستانیش لە دهۆک دەستیپێکردووە و بەردەوامە؛ دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە لە دهۆک، لە پارێزگاکانی دیکەش دەستپێدەکات.
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە پارێزگا ناویان بۆ پسوولەی خۆراک تۆمارکراوە، بۆیە سیستمی دیجیتاڵیی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان زۆر پێویستە.
 
حوسێن سەبری لەبارەی ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکی مانگانە، گوتی: هاووڵاتییان گلەییان لە وەزارەتی بازرگانی هەیە، کە کارەکانیان تایبەت بە بەشەخۆراک بە درەنگەوە بۆ دەکرێت؛ دەشڵێت بەڵام ''بەو سیستمە نوێیە، ئەو دواکەوتنە نامێنێت و بە سیستمی ئەلیکترۆنی لە هاتنی ماددە خۆراکییەکانیش ئاگادار دەبن''.
 
لە دهۆک 281 هەزار خێزان پسوولەی خۆراکیان هەیە، بەگوتەی بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک، سەرپەرشتی خێزانەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە دەتوانن زانیاری لەسەر مادە خۆراکییەکان وەربگرن و بزانن چ مادەیەک هاتووە و تاوەکو ئێستا چیان وەرگرتووە، تەنانەت دەتوانن زانیاری لەسەر کوالێتیی مادەکانیش وەربگرن.
 
ئەم سیستمەی دەرهێنانی پسوولەی خۆراک لەساڵی 2019 بە هاوکاریی رێکخراوی جیهانی خۆراک دەستیپێکرد، حوسێن سەبری دەڵێت: ''ئەم رێکخراوە بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە کە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی دەتوانن لە ئەپلیکەیشنەکە کەڵک وەربگرن، سەردانی هەموو گوند و ناحیەکانی دهۆک و نەجەفی کرد و بینی سەرجەم هاووڵاتییان ئامێری مۆبایلیان هەیە و دەکرێت ئەم ئەپلیکەیشنە بەکاربهێندرێت.''
 
لەکاتێکدا لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەکارهێنانی ئینتەرنێت ئەستەمە ئەپلیکەیشنەکە پێویستی بە ئینتەرنێتە، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک لەوبارەوە گوتی ''تەنیا کاتی گۆڕانکاری وەکو زیادکردن یان کەمکردنەوەی نەفەر، پێویستی بە ئینتەرنێت هەیە و ئەوکاتیش تەنیا پێنج خولەکێکی پێویستە".
 
هەندێک لە سەرپەرشتی خێزانەکان تەمەنیان زۆرە و بەکارهێنانی ئینتەرنێت، ئامێری مۆبایل و ئەپلیکەیشنەکەیان بۆ زەحمەتە، بەڵام حوسێن سەبری ئاماژە دەکات، دوای جێگیربوونی سیستمی دیجیتاڵیی پسوولەی خۆراک، بەگشتی لە پسوولەی کاغەز کەڵک وەرناگیرێت و دەبێ هەموو کار بەو سیستمە نوێیە بکەن.
 
بڕیار بوو لە مانگی رەمەزاندا، جگە لەو خۆراکانەی پێشتر دابەش دەکران، یەک تەبەقە هێلکە، 5 کیلۆ ئاردی سفر، نیو کیلۆ نیشاستە و کیلۆیەک شەعریە بدرێتە هەر خێزانێک. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک رایگەیاند، تائێستا تەنیا هێلکەکە ماوە بگات و مادەکانی دیکە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراون.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیان گلەییان لە بەشە خۆراکی مانگانە هەیە، زۆرجار بەشە خۆراکەکە وەرناگرن و بە بریکارەکانی دەفرۆشنەوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک دەڵێت، هاووڵاتییان زیاتر گلەیی لە کوالێتی برنجەکە دەکەن، بۆیە ئەوان بە فەرمی بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقیان راگەیاندووە ئەو برنجەی لە تایلەندەوە هاوردە دەکرێت، مەرجەکانی تەندروستی و کوالێتی تێدا نییە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.