گیا بەهارییەکان؛ خواردنێکی بەتام و هەلی کاری کاتی بۆ دانیشتووانی گوند

16-04-2024
سازگار سەڵاح
گیای بەهاری دەڤەری پێنجوێن
گیای بەهاری دەڤەری پێنجوێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا کۆمەڵێک ژن دەبینن کە لەنێو ديمەنی جوانی کوێستانەکانی پێنجوێن، خەريکی کۆکردنەوەی گيا بەهارييەکانن. وەرزی ئەو گژ و گیایانەیە کە جگە لە تامی خۆشیان، بایەخێکی تەندروستیی زۆریان بۆ مرۆڤ هەیە.
 
مەريەم ساڵح، دانيشتووی گوند بە رووداوی گوت، "لە کاژێر 06:00ـی بەیانییەوە هەڵدەستين گايەل و شتمان هەيە جێبەجێی دەکەين، ئينجا دێينە خوارەوە گیا بەهارییەکان دەبەینەوە، بەشی خۆمان دەکەين و دەيبەينەوە بە تەڕ و تازەیی بۆ ئێوارە سازی دەکەين، بە هێلکەی کوردييەوە، خوا نەیبڕێت بە پەنيرەوە، بە رۆنەوە هەمووی کوردييە."
 
وەرزی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان کە بە زێڕی سەوز ناسراون، دەبێتە هەلی کاری کاتی بۆ ژمارەیەک هاونیشتمانی، بەڵام ئەگەر نەزانن چۆن دەریانبهێنن، مانەوەی ئەو گیا بەنرخانەش دەخەنە مەترسییەوە.
 
رەعنا محەممەد، دانيشتووی گوند دەڵێت، ئەم کنگرە هەڵیدەکەنين زۆر دەستی بۆ داناگرين بۆ ئەوەی کەسێکی دیکەش سوودی لێ ببينێت، دەستخۆشيیان لێدەکەم پێيان دەڵێم زۆر دەستی لێدامەگرن با کەسی دیکەش سوودی لێ ببينێت، دەيهێنمەوە دوو سێ ئافرەتين پێکەوە دەيخۆين، زەردی دەکەم و دايدەڕێژم تاوەکو سارد بێتەوە، دواتر دەيخەمە موجەميدە و دەيبەم بۆ خزم و کەسوکار".
 
گیا بەهارییەکان زیاتر لە ناوچەی کوێستانی دەڕوێن و بڕیان سنووردارە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە رەگەوە هەڵبکەندرێن بۆ ساڵی داهاتوو شین نابنەوە و ناوچەکە بێ ئەو گیایانە دەمێنێتەوە.
 
بەختيار عەلی، سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژينگە باسی لەوە کرد، "وەکو رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژينگە ئێمە چەندين ساڵە جەخت لەوە دەکەينە کە گيا کوێستانييەکان بپارێزرێت وەکو زێڕی سەوز سەيريان بکرێت، چونکە گرنگ و بە نرخن، پێويستە هاووڵاتييان کە روو لە کوێستانەکان دەکەن بە شێوازێکی زانستی و بە ويژدانەوە هەڵیبکەنن."
 
جگە لە رەگەوە هەڵکەندنی گیاکان کە راستەوخۆ مەترسیی دەخاتە سەر ئەو خۆراکە بە بەهایانە، بە قووڵیی هەڵکەندنی زەوی و پڕنەکردنەوەی شوێنی گیایەکە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی خاکەکە و تێکچوونی سیستمی ژینگەیی ناوچەکەش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندان لە ئامەدی باکووری کوردستان. وێنە: رووداو

لە 20 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا

لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و دوو پارێزگای تورکیا بۆ چوار رۆژ هەموو گردبوونەوە و چالاکییەک قەدەخە کرا، هەروەها چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە پارێزگاکان بە مۆڵەت دەبێت