رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە، کارەبای نیشتمانی نزیکەی چوار کاژێر کەمی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، سیروان محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چەند رۆژی رابردوودا پلەی گەرما دابەزی و کەشوهەوا ساردبوو، بۆیە خواست لەسەر کارەبا زیادیکرد، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی کەمبوونی کارەبای نیشتمانی.
وەکو گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر، کە سەرەتای مانگی نیسان دەستی پێکردووە و تاوەکو 21 رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رۆژی 3-4-2025، رایگەیاند، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی هاوینی ئەم ساڵ، کۆمپانیای (دانە گاز) هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر.
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی گوتی، "ئێستا رۆژانە نزیکەی 15 کاژێر کارەبا هەیە، لەکاتێکدا لە هەفتەی رابردوو رۆژانە نزیکەی 18 بۆ 19 کاژێر کارەبا هەبوو."
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 6,500 مێگاواتە، لەکاتێکدا 4,000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ