رووداو دیجیتاڵ
سەر لە بەیانی رۆژی هەینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەواڵی خنکانی 3 کەس لە هەولێر رۆژیانکردەوە.
لە پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە ناحیەی شەمامک سەر رێگەی مەخموور شەوی رابردوو دوای کاژێر 1:00ـی شەو کارمەندێکی تەمەن 25 ساڵانی عەرەب کەوتووەتە نێو تانکییەکی کۆگاکردنی بەرهەمی نەوتی لە ماددەی نەفتا و خنکاوە.
تەرمەکەی لە نێو تانکییەکە مایەوە تاوەکو کاژێر 11:00ـی بەیانی ئینجا توانرا دەربهێنرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو ٪30 تانکییەکە پڕبووە لە ماددەی نەفتا.
عەبدوڵڵا رەسلان ئەو کارمەندە عەرەبەیە، خەڵکی گەیارەیە و باوکی منداڵێکە. کاتێک چووەتە سەر تانکییەکە تاوەکو سەیری ناوەوەی بکات، بزانێت چەندی ماددەی تێدایە، بۆنی نەفتاکە سەری گێژدەکات و لەهۆشخۆی دەچێت و دەکەوێتە نێو تانکییەکە.
محەممەد حەمید جاسم، خزمی عەبدوڵڵایە و دەڵێت: "ئەمە کاری برای عەبدوڵڵا بوو، بەڵام ئەو لەم کاتە خەریکی نوێژکردن بوو، عەبدوڵڵا گوتی با من لە بری ئەو بچم و کارەکەی بۆ تەواو بکەم. بەداخەوە رۆیشت و ئەم رووداوەی بەسەرهات. ئەمە قەدەری خوایە. دوو ساڵ بوو وابزانم دوو ساڵ بوو ئەم کارەی دەکرد."
رووداوەکە هەر بەم قوربانییە کۆتایی نەهات، کاژێر 4:00ـی بەرەبەیان بەرگریی شارستانی لەم رووداوە ئاگاداردەکرێنەوە، ئەوان دەستەبجێ دەڕۆن تاوەکو تەرمەکە دەربهێنن، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی بە ئەزموونی بەرگریی شارستانیش دەکەونە نێو هەمان تانکی و گیان لەدەستدەدەن.
سەباح سەلیم تەمەن 52 ساڵان و باوکی 5 منداڵ پلەکەی پۆلیسی پلە/8، یەکێک لە کارمەندەکانە زیاتر لە 20 ساڵ خزمەتی لە کارەکەی هەیە و یوسف شەریف تەمەن 56 ساڵان و باوکی 9 منداڵ پۆلیسی پیادە پلە/4 کارمەندەکەی دیکەیە کە بووە بە قوربانی، 18 ساڵ خزمەتی لە کارەکەی هەیە.
کەیفی یوسف شەریف، کوڕی یوسف دەڵێت: "دوو کارمەند لەگەڵ باوکم چوونە دیارە باوکم. یەکەمجار چووەتە خوارەوە و پێینەکراوە رزگاری بکات و هەم خۆشی رزگاربکات دوای ئەوە مام سەباح لەگەڵی چووە و ئیدی هەرسێکیان کەسیان رزگاریان نەبووە، لەگەڵ باوکم خۆشەویستی یەکدی بوون و هاوڕێیەکی بەوەفا بوون بۆ یەکدی چەند ساڵێک بەیەکەوە دەوامیان کردووە و ئیدی هیچ گلەیی و گازندەیان لەگەڵ یەک نەبووە و دڵیان لەیەکدی نەشکاوە."
هەر لە دوای رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر راگەێندراوێکیان بڵاوکردوەوە، رووداوەکەیان پشتراستکردەوە.
بەشی پێشەوەی ئەم پاڵاوگەیە بەنزینخانەیەکە کە ساڵی رابردووش ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە.
138 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن کە بوونەتە دەردێکی کوشندە، ئەوان بەهیچ جۆرێک یاسایی نین کارەکانیان بەبێ هیچ پێوەرێکی زانستی و بێ هیچ مەرجێکی سەلامەتی و لەژێر هیچ جۆرە چاودێرییەک راییدەکەن و وەک دەڵێن بە رەحمی خۆیان کاردەکەن.
هەر بۆیە جگە لەو ژەهرەی رۆژانە دەیخەنە بەرگەهەوای زەوی و وە قوڕگی هاونیشتیمانیانی هەولێر ماوە ماوەش گوێمان لێدەبێت کە کارمەندەکانیان لەنێو کۆگاکانی سوتەمەنی خنکاون، یاخود لەکاتی گڕگڕتنی پاڵاوگەکاندا سوتاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ