رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کەسێک دەکەوێتە نێو تانکییەکی سووتەمەنییەوە و گیانلەدەستدەدات، دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ دەرهێنانی تەرمەکە دەچنە نێو تانکییەکەوە، بەڵام هەردووکیان گیان لەدەستدەدەن.
رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی لە بەنزینخانەی کۆچەر لە ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کە بەشی دواوەی پاڵاوگەیەکی نایاساییە روویداوە.
ئەفسەرێکی باڵای بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کارمەندەکە دوو لە بە ئەزموونترین و چالاکترین کارمەندەکانمان بوون، بە کاریگەری پاشماوەی بۆنی تانکییەکە گیانیان لەدەستداوە."
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، رووداوەکە کاژێر 1:00ـی شەو بووە. هاووڵاتییەکە عەرەبە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی دەربهێندرێت.
بەگوێرەی کەسوکاری، ئەو گەنجەی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا رسلان هاشمە و تەمەنی 25 ساڵە. عەبدوڵڵا خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە کەوتووەتە نێو تانکییەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی داوە، بەڵام بەهۆی بۆنی گازەوە بێهۆش کەوتووە. دواتر، کارمەندێکی دیکەی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکەی داوە، بەڵام ئەویش بێهۆش کەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
دوو کارمەندەکە پێش گیانلەدەستدان گەیێندراونەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام وێڕای هەوڵی پزیشکان، گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو کارمەندەی بەرگریی شارستانیی هەولێر یەکێکیان ناوی یوسف و ئەوی دیکە ناوی سەباحە. یەکێکیان هاوژینی هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر "ئەو دوو کارمەندە لەلایەن ئەفسەری ئێشکگرەوە فەرمانی رێگەپێدانیان پێنەدراوە بچنە تانکییەکەوە، بەڵام خۆیان وەکو هەڵوێستێک بۆ ئەو کەسەی خنکاوە چوونەتە تانکییەکەوە".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تەرمی هاووڵاتییەکە دەرنەکراوە و تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی رووداوەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ