رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەڵێت، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە.
بەرگریی شارستانی دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 4:11 خولەک تیمەکانی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لە بوونی حاڵەتێکی خنکان ئاگادار کرانەوە کە هاوڵاتیەکی بە رەگەز عەرەب بووە لەنێو کۆگایەکی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەکانی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری ناحیەی شەمامک خنکاوە."
بەگوێرەی کەسوکاری، ئەو گەنجە عەرەبی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا رسلان هاشمە و تەمەنی 25 ساڵە. عەبدوڵڵا خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە.
بەگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان دەستبەجێ بەڕێکەوتن بۆ دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیەکە، "دوای گەیشتنی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەداخەوە دوو کارمەندی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ناوەکانی رێپێدراوی پۆلیسی پلە/8 (یوسف شەریف حەسەن) لەگەل پۆلیسی پیادە پلە/4 (سەباح سەلیم) لە کاتی ئەرک و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەکە گیانیان لەدەستدا."
رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی لە بەنزینخانەی کۆچەر لە ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کە بەشی دواوەی پاڵاوگەیەکی نایاساییە روویداوە.
ئەفسەرێکی باڵای بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کارمەندەکە دوو لە بە ئەزموونترین و چالاکترین کارمەندەکانمان بوون، بە کاریگەری پاشماوەی بۆنی تانکییەکە گیانیان لەدەستداوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە کەوتووەتە نێو تانکییەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی داوە، بەڵام بەهۆی بۆنی گازەوە بێهۆش کەوتووە. دواتر، کارمەندێکی دیکەی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکەی داوە، بەڵام ئەویش بێهۆش کەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ